سەردێر

ڕێكارێكی بانكی ناوەندی بەهای دۆلار بەرزدەكاتەوە

خەڵك-
بەهۆی كەمبوونەوەی بڕی دۆلار لە بازاڕەكان و كەمتر فرۆشتنی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەهای دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.


ئەمڕۆ چوار شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 208 ملیۆن و 818 هەزار و 800 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زیاتری ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو كە 160 ملیۆن و 734 هەزار دۆلار بوو، بەڵام هێشتا بڕی فرۆشتن بە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو كەمە.

بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 44 ملیۆن و 520 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 164 ملیۆن و 298 هەزار و 800 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 34 بانك بۆ دابینكردنی داواكاری پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوە و 10 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 205 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە”.

بەهۆی كەمبوونەوەی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە نرخی دۆلار بەرزبۆتەوە لە بازاڕەكانی نێوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 148 هەزار 500 دینار مامەڵەی پێوەكرا، لە كاتێكدا هەفتەی پێشوو بە 147 هەزار و 500 دینار بوو.