سەردێر

سبەینێ‌ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت

خەڵك-
دوای وەستانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك، لە سبەینێوە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9ی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە و تا كۆتایی هەفتە سەرجەم مووچەخۆران مووچە وەردەگرن.

بەپێی خشتەی مووچە، كە وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، سبەینێ‌ دوو شەممە 4ی تشرینی یەكەم، مووچەی مانگی ئەیلوولی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش لەگەڵ خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەكرێت.

بەپێی خشتەكە، ڕۆژی سێ‌ شەممە مووچەی زۆربەی وەزارەتەكان دەدرێت و تا ڕۆژی پێنج شەممە مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بە خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینانەوە خەرج دەكرێت و كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ڕابردوو دێت.

لە ڕۆژی پێنج شەممەوە مووچەی هیچ وەزارەت و دامەزراوەیەك خەرج نەكراوە و دوای 3 ڕۆژ سبەینێ‌ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێتەوە.

ئەمە لەكاێكدایە، كە ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران دراوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتۆتە هەرێم.