سەردێر

وەزیری بازرگانی توركیا گەیشتە هەرێم

چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجامدەدات

خەڵك
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، وەزیری بازرگانی توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و بریارە چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و بازرگانان ئەنجامبدات.

دوێنێ‌ یاسین مەحمود، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، بڕیارە وەزیری بازرگانی توركیا ڕۆژی یەكشەممە 26\9\2021 چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ كاربەدەستانی حكومەتی هەرێم لە ئاستی باڵادا( نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم)  ئەنجام بدات.

باسی لە ئەوەشكرد، شاندێكی بازرگانی توركیا یاوەری وەزیر دەكەن كە چەند كۆمپانیا و گەورە بازرگانێكی وڵاتی توركیا لەخۆ دەگرێت و بڕیارە كۆبوونەوەیەكی گرنگ و پڕ بایەخ لەگەڵ بازرگانان و سەرمایەدارانی هەرێمیش ئەنجام بدەن، كە كۆبوونەوەكە تایبەتە بە بواری بازرگانی و بەرهەمهێنان و گفتوگۆكردن لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا.

 

وتیشی، بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆی چڕ بكرێت لەسەر هەموو ئەو گرفت و ئاستەنگیانەی لەبواری بازرگانی و وەبەرهێناندا هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا و بابەتی هاتوچۆی بازرگانان و كارئاسانیكردن بۆ سەرمایەداران و لابردنی ڤیزای نێوان وڵاتی توركیا لەگەڵ عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

یاسین مەحمود، باسی لە ئەوەشكرد، لەساڵی 2013 توركیا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد كە 13 ملیار دۆلار بوو، بەڵام دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی لەگەڵ وڵاتی توركیا دابەزینی بەخۆیەوە بینی.