سەردێر

دابەشكردنی مووچە لە هەرێم دەستی پێكرد

خەڵك-
بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25ی مانگەوە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەستپێدەكات و ئەمڕۆش مووچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە دابەشكرا.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆن بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابین دەكرێت دابەشكرا.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی مانگی 7 بووە دراوە بە پێشمەرگە و لەگەڵ دابەشكردنی هەر مووچەیەك وەزارەتی پێشمەرگە لیستی مووچە دەداتە هاوپەیمانان بۆئەوەی ئامادەكاری بكرێت بۆ دابەشكردنی مووچە لە مانگی داهاتوودا.

ئاشكراشی كرد، هێزەكانی پێشمەرگە هیچ قەرەبوویەكیان لەلای هاوپەیمانان نییە تا چەند مووچەیەك پێكەوە بدات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئەو مووچانە لەلای وەزارەتی پێشمەرگەوە نادرێت، بۆیە هاوپەیمانان بەپێی ڕێكارەكانی خۆیان مووچە دابەش دەكەن و بەردەوام مووچەی مانگێكیان لای هاوپەیمانان دەمێنێت.

جەختیشی كردەوە، “كاتێك مووچە لای هاوپەیمانانەوە دێت، لەلایەن لیژنەی هاوپەیمانان و پێشمەرگەوە وردبینی دەكرێت و دواتر كە تەواو دەبێت داوای پێدانی مووچەی تر دەكرێت و لەگەڵ گەیشتنیشی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی دەكات بەبێ‌ دواخستن”.