سەردێر

حكومەتی هەرێم نرخی بەنزینی هەرزان نەكرد

خەڵك-
هەرچەندە بڕیاربوو حكومەتی هەرێم باج و ڕسوماتی سەر هێنانی بەنزینی بازرگانی كەم بكاتەوە بۆ دابەزینی نرخەكەی، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە و نرخی بەنزین بە گرانی ماوەتەوە و ئەوەشی هەرزان بووە ئەو بەنزینەیە، كە حكومەتی عێراق دەینێرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك لە پەڕلەمانتاران بۆ (خەڵك) ئاماژەیان بەوەكردبوو، كە كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە بۆ هەرزان كردنی نرخی بەنزین لەڕێگەی لابردن یان كەمكردنەوەی باج و ڕسوماتی هێنانی بەنزین و حكومەتیش بەڵێنی داوە نرخی بەنزین هەرزان بكات.

پێشتریش، ئازاد محەمەدئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئەوەی باسكرد، كە نووسراویان كردووە بۆ حكومەتی هەرێم تاوەكو لەڕێگەی كەم كردنەوە باج و ڕسوماتەكانی هێنانی بەنزینەوە، نرخەكەی هەرزان بكرێت و بۆ ئەوەش بە زارەكی بەڵێن دراوە.

هاوكات، جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم چەند جارێك لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوەكردبووەوە، كە حكومەت كار دەكات لەسەر هەزران كردنی نرخی بەنزین و لەهەمان كاتدا لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتنی كردووە تاوەكو بەنزین بۆ هەرێم بنێرێت.

سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنانەی دراون و پاش چەندین ناڕەزایی هاووڵاتیان و داواكاری و نووسراوی پارێزگا و ئەنجوومەنی خۆجێیەكان، بەڵام هێشتا حكومەتی هەرێم هیچ باج و ڕسوماتێكی كەم نەكردۆتەوە لەسەر هێنانی بەنزین و هێشتا هەر نرخەكەی گرانە و ئەو بەنزینەش، كە كەمێك نرخی هەرزان بووە ئەو بڕە كەمەیە، كە لە عێراقەوە دێت بۆ شارەكانی هەرێم و لیتری بە 690 دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) هێشتا نرخی بەنزین هەرزان نەبووە و لیترێك بەنزینی سوپەر بە 975 دینار و موحەسەن بە 900 دینار و نۆرماڵ بە 800 دینارە.