سەردێر

بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بۆ 8 ماددە زیادكرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە دەستیان بە دابەشكردنی دووەم سەبەتەی خۆراكی كردووە و ماددەكانیان بۆ 8 ماددەی خۆراكی زیادكردووە و بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت: “دوای پشكنینی بەشەخۆراك دەست بە دابەشكردنی دەكەین”.

عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیان بە دابەشكردنی دووەمین سەبەتەی خۆراكی لەچوارچێوەی پسووڵەی خۆراكی مانگانە بەسەر پارێزگاكاندا كردووە.

ئاشكراشی كردووە، ئەو ماددانەی لە بەشەخۆراك دابەش دەكرێن بۆ 8 ماددەی جیاواز زیادكراوە، كە پێكهاتوون لە (برنج و شەكر و زەیت و نیسكی هاڕاو و لەتكەنۆك و فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە) ئەمە جگە لە بەشە ئاردی مانگانە، كە بۆ مانگی 8 ئەویش دەست بە دابەشكردنی كراوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەشەخۆراك ڕۆژانە دێتە ناو سلێمانی و لە كۆگاكان ئەمبار دەكرێت، هەر كاتێكیش تەواوی بەشەخۆراكەكە گەیشت و پشكنینی تەواو بوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.