سەردێر

پەروەردە بڕیاری بۆ دامەزراندنی مامۆستایان دەركرد

خەڵك-
لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان چەند بڕیارێك بۆ دامەزراندنی مامۆستایان بە وانەبێژ دەردەكات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان لە گشتاندنێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو مامۆستایانەی ساڵی ڕابردوو، كە فەرمانی كارگێڕییان هەیە دادەمەزرێنەوە بەپێی پێویستی خوێندنگە و باخچەكان، خۆ ئەگەر مامۆستایەكی وانەبێژ لە خوێندنگەكەی پێشوو پێویستی نەبوو ئەوا دەگوازرێتەوە بۆ ئەو خوێندنگەیەی پێویستییەتی لە سنووری پەروەردەكەی.

هەر بەپێی گشتاندنەكە بڕیار دراوە، لەكاتی پێویستی بە مامۆستای وانەبێژ ئەوا سوود لە لیستی یەدەگەكانی وانەبێژی دانەمەزراو وەردەگیرێت بەپێی پسپۆڕی و خاڵبەندی و ئەگەر پسپۆڕییەكەش نەبوو ئەوا پەروەردەی شارۆچكەكە فۆڕم دابەش دەكات و دەبێت دامەزراندنەكە بۆ دەرچووانی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەت بێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە دەبێت وانەبێژان لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكی خوێندنەوە دەوام بكەن.