سەردێر

وێنە.. لە هەولێر دەست بەسەر 1500 كگم گۆشتی هیندی قەدەغەكراودا گیرا

خەڵك

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ یەكشەممە 12/9/2021 دەست بەسەر یەك تۆن و نیو گۆشتی هیندیی قەدەغەكراودا بگرن.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، لەلایەن بنكەی ئاسایشی بازگەكانی هەولێر لە بازگەی (خازر) توانراوە دەست بەسەر ئەو گۆشتە هیندییە قەدەغەكراوەدا بگیرێت كە لەنێو بارهەڵگرێكدا بووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، “خاوەنەكەی هەوڵیداوە لەشاری موسڵ هاوردەی پارێزگای هەولێری بكات، بەشێوەی (دەفن) شاراوە كە لە ژێرەوەی بارهەڵگرەكەی شوێنێكی تایبەتی دروستكردووە و لەوێدا شاردوونیەتەوە”.

لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێریی بازاڕ لە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر پشكنینی بۆ ئەنجامدراوە، قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت، “دەركەوت هاوردەكردنی ئەم جۆرە گۆشتە بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ قەدەغەكراوە”.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ڕێكارە یاساییەكان بەرامبەر خاوەنی گۆشتەكە گیراونەتەبەر.