سەردێر

نرخی نەوت بەرزبۆوە

خەڵك-
نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و هەندێك لەو زیانانەی قەرەبوو كردەوە كە بەهۆی خاوبوونەوەی بەرهەمی نەوت لە كەنداوی مەكسیكی ئەمریكا و دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی پاڵاوتن، بەریكەوت.


ئەمڕۆ چوار شەممە، نرخی گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خۆرئاوای تكساس بەڕێژەی 0.6% ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و بەرمیلێكی گەیشتە 68.78 دۆلار، دوای ئەوەی دوێنێ‌ سێ‌ شەممە بە بڕی 1.4 دۆلار دابەزی بەهۆی پشووی جەژنی كرێكاران لە ئەمریكا.

نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 0.5% بەرزبۆوە و بەرمیلێكی گەیشتە 72.03 دۆلار، دوای ئەوەی دوێنێ‌ بەڕێژەی 0.7% دابەزی.

تائێستاش بەرهەمهێنەران لە كەنداوی مەكسیك هەوڵ دەدەن دەست بە پرۆسەكانی بەرهەمهێنان بكەنەوە، لە دوای نۆ ڕۆژ لە هەڵكردنی زریانی “ئەیدا” لە ناوچەكە كە ڕەشەبایەكی توند و بارانێكی بەلێزمەی لەگەڵدا بوو.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، نزیكەی 79%ی بەرهەمەكانی ئەمریكا لە كەنداوی مەكسیك ڕاوەستان و بازاڕیش تائێستا نزیكەی 17.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستداوە.

بیرە نەوتە دەریاییەكان لە كەنداوی مەكسیك، نزیكەی 17%ی بەرهەمە نەوتییەكانی ئەمریكا پێكدەهێنن.