سەردێر

یاسین مەحمود ڕەشید؛ بەشێك لەڕێنماییە نوێكانی شارەوانی سلێمانی بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەبنە بارگرانی

خەڵك
دوای ڕاگرتنی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێم، لە ئێستادا پێدانی مۆڵەت ئاسایی بووەتەوە، بەڵام وەبەرهێنەرانی سلێمانی گلەیی لە بڕیارەكانی شارەوانی دەكەن و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەڵێت،” بڕیارەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە قازانجی هیچ لایەكدا نیە”.

یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەنای ڕووداو ڕایگەیاند، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر حكومەتی هەرێم جارێكی دیكەی مۆڵەتی بە وەبەرهێنەران دایەوە لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێنمایی نوێ ، كە ڕەنگە زۆربەی خاڵەكانی ئەرێنی بن بۆ وەبەرهێنەران و هەندێك بڕگەش دەبێتە بارگرانی .

وتیشی : ” بە پێی ئەو ڕێنماییانەی لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەرچووە ، دەبێت تەواوی خزمەتگوزاری یەكەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە ئەستۆی وەبەرهێنەر بێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسا و ڕێنماییە كۆنەكان و نوێیەكانیش لەسەر حكومەتە “.

باسی لەوەشكرد، ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەران سكاڵایان هەیە لەڕێنماییە نوێییەكانی شارەوانی سلێمانی و بۆیە كار بەو ڕێنماییانە ناكرێت، كە شارەوانی دەریكردووە، بۆ ئەو مەبەستە دەبوو پرسێك بە ئێمە بكرایە، ئەمە تەنها لە سلێمانی هەیە لە شارەكانی دیكە نیە.

یاسین مەحمود ڕاشیگەیاند، ڕێنماییە نوێییەكان زیانێكی زۆر بە وەبەرهێنەران دەگەیەنێت و دواتر بۆ هاووڵاتی دەبێتە بارگرانی ، ئێمە لە ڕێگەی یاداشتێكەوە، كە ئاڕاستەی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستانمان كردووە، جارێكی دیكە چاو بە ڕێنماییە نوێیەكان بخشێنرێتەوە .

سەرۆكی ڵقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران، لە چاوپێكەوتنەكەی لە گەڵ ڕووداو ئاشكراشیكرد؛ لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو بابەتە قسەم كردووە و داوام كردووە بەڕێزیان لە لایەن خۆیەوە هەوڵێك بدات بەوەی جارێكی دیكە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە چاو بەو بڕیار وڕێنماییانە بخشێنرێتەوە .

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یاسای وەبەرهێنەران لە سەرەتای 2000 دانراوە، بە بەرگی ئێستا نابێت و پێویستە هەموار بكرێتەوە و لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێنرێت.