سەردێر

سلێمانی، باس لە هەرزانكردنی نرخی بەنزین دەكرێت

خەڵك-

سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی داوا لە بەغدا دەكات، لەدابینكردنی بەنزیندا هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور، مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم بكات.

ئەمڕۆ دووشەممە، سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”بەنزینی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان كە لەدەرەوە هاوردە دەكرێت كێشە و گیروگرفتی خۆی هەیە و داوایانكردووە چارەسەر بكرێت”. بەوتەی ئەو چارەسەركەش دابینكردنی بەنزین لە عێراقەوە تا بەنزینی حكومی بە 450 دینار و بازرگانیش بە 650 دینار بفرۆشرێت.”.

بە وتەی سیروان محەمەد:”ئەمجارە حكومەت بەجدی هاتووەتە سەرخەت بۆ چارەسەری ئەو كێشانە”.

بەپێی ئامارەكان، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە كە سەرجەمی ئەو بڕە لەدەرەوە و بەتایبەت لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، لەم ماوەیەی دواییشدا نرخی بەرنزین بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و لەئێستادا یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەكاندا بە 850 دینار دەفرۆشرێت.