سەردێر

یاسین مەحمود ڕەشید؛ ڕووداوەكانی دوای 8ی تەممووز كاریگەری لەسەر ئابووری و جوڵەی بازاڕ دروستكردووە

خەڵك
سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا ئەو بازارەی لە سلێمانی هەیە بازارێكی تەندروست نیە بۆ وەبەرهێنەران و دەشڵێت،”قوباد تاڵەبانی بەرپرسیارێتیەكی زۆری لەسەرە، بەوەی دەبێت دڵنیایی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەم سنوورە بگێرێتەوە”.

یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕادیۆی ڕووداو ڕایگەیاند، لە زۆرێك لە وڵاتان نەك هەرێم و سلێمانی، كە ئارامی و ئاسایش تێك دەچێت تیایدا نا سەقامگیری بازار دێتە كایەوە، هەموو كایە ئابوورییەكان لەكار دەكەون .

وتیشی ،”ئەوەی لە 8ی تەممووز و ڕۆژانی دوایی لەم شارە ڕوویانداوە، یەكێكە لە و ڕۆژانەی مێژووی سلێمانی دەینوسێتەوە، چونكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەم لە هەرێم و لە عیراق و ناوچەكەش حزبێكی كاریگەرە، ئەو دۆخەی ئێستا تێی كەوتووە كاریگەری زۆری لەسەر ئێمەی وەبەرهێنەران و ئابووری شارەكەو هەرێمیش دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، ڕووداوەكانی دوای 8ی تەممووز لە %50 كاریگەری لەسەر ئابووری و بازار و جوڵەی بازاڕی شارەكە تا دەگاتە گەرمیان و ڕاپەرین و بەپارێزگای هەڵەبجەشەوە دروستكردووە .

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەندێك لە وەبەرهێنەرانی سلێمانی، كە جێگەی سوپاسن لەگەڵ ئەو دۆخەی دروستبووە هێشتا بەردەوامن لە پڕۆژەكانیان، كە پێش هەموو شتێك بۆ وەبەرهێنەر ئارامی و ئاسایشی سیاسی ناوچەكە ئەولەویەتە.

ئاشكراشیكرد، ئێستا لە هەموو كات زیاتر ئەرك لە سەر شانی برای بەڕێز، كاك قوباد تاڵەبانیە بۆ ئەوەی ئۆقرەیی و ئاسایش بۆ شارەكە و ناوچەكە بگەڕێنێتەوە و دڵنیایی بداتە هەموو لایەك بەتایبەت وەبەرهێنەران .

مەلا یاسین ئەوەشیخستەڕوو، كە قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 59 ملیار دۆلار و مۆڵەت دراوە لە 13 سێكتەری جیاوازدا، بەڵام ئەوەی بۆتە سەرخانی ئابووری خۆی لە 31 ملیار دۆلار دەبینێتەوە و 28 ملیارەكەی دیكە ئەو دۆخانە دروستیكردووە كە دەبینرێت و تەنها لەسەر پارچە كاغەزێك ماوەتەوە.

مەلا یاسین باسی لەوەشكرد، سنووری پارێزگای سلێمانی، زوڵمی زۆری لێكراوە لە لایەن حزبەكانی كوردستانەوە بەشێوەیەكی گشتی و حزبەكانی دەسەڵاتداری ئەم سنوورە بە تایبەتی بەوشێوەی ئێستا پەراوێز خراوە، باجەكەی خەڵكەكە داویەتی، خزمەتگوزاری پڕۆژەكان بەنمونە بۆ ئەم قسانەم سەنگی مەحەکە.