سەردێر

خەڵك؛ دواین زانیاری لەسەر هەرزانكردنی بەنزین بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
هەرچەندە وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەڵێنی دا نرخی بەنزین هەرزان بكرێت، بەڵام پەڕلەمانتارێك دەڵێت: “تا ئێستا بە قسە بەڵێن دراوە و نەكەوتۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە”.

سەركۆ گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گفتوگۆمان كردووە لەسەر نرخی بەنزین و دواتریش بە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داوامان كردووە نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەزران بكرێت ئەویش لەڕێگەی لابردنی ئەو باجانەی خراونەتە سەر سووتەمەنی تاوەكو بارگرانی لەسەر خەڵك لاببرێت.

ڕاشیگەیاند، بە وتەی خۆیان بڕیاریانداوە نرخی سووتەمەنی هەرزان بكرێت، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و پێیان وتووین، كە باجی سەر سووتەمەنی كەم دەكەنەوە.

جەختیشی كردەوە، كە لیژنەكەیان كۆبوونەوەی دیكە لەسەر ئەو دۆخە دەكات و جەخت لەسەر لابردنی ئەو بارگرانیە لەسەر شانی هاووڵاتیان دەكەنەوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (ڕووداو) ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە بەنزین کوالێتیی باش دەبێت و هەرزانیش دەبێت.

ڕاشیگەیاند، لە 23ی ئابەوە بڕێک بەنزین لە بەغداوە دێت، ئەمەش وادەکات کوالێتیی بەنزین باش ببێت و نرخەکەشی دەبێتە 650 دینار بە کوالێتییەکی باش و لە هەموو کوردستان بەو نرخە دەبێت.