سەردێر

پارێزگای هەولێر: 2 سەمونخانە لەسەر گرانكردنی نرخ داخران

خەڵك

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ هەینی دوو سەمونخانە بەهۆی گرانكردنی نرخی سەمونەوە داخراون و سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەكانیش ئاگاداردەكەنەوە، گرانكردنی نرخی نان و سەمون بە ھیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراونییە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.


پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی پارێزگاری ھەولێر، ئەمڕۆ ھەینی بەھۆی گرانكردنی نرخی سەمون لە نرخی دیاریكراو كە 10 سەمون بەهەزار دینار جێگیركراوە، بۆ 8 سەمون بەهەزار دینار، دوو سەمونخانە لەلایەن تیمەكانی قائیمقامیەتی ھەولێر داخران و ڕێكاری یاساییش لەبەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، “جارێكی تر ئاگاداری سەرجەم خاوەنی نانەواخانە و سەمونخانەكان دەكەینەوە گرانكردنی نرخی نان و سەمون بە ھیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراو نییە و خاوەنی هەر نانەواخانە و سەمونخانەیەك لە سنووری پارێزگای هەولێر لەو نرخەی دیاریكراوە، نرخەكە گرانتر بكات، شوێنەكەی دادەخرێت و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

پێشتریش كۆمەڵەی نانەواخانەكان ڕایانگەیاندبوو، بەهۆی گرانبونی نرخی ئاردەوە، ناتوانن هەشت نان یاخود 10 سەمون بفرۆشن بە هەزار دینار، ناچارن 8 سەمون یاخود 6 نان بفرۆشن بە هەزار دینار.