سەردێر

ئۆپیك: بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران 28% زیادیكردووە

خەڵك

ڕێكخراوی ئۆپیك ئاشكرای دەكات، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 485 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا و بەراورد بەهەمان مانگی ساڵی ڕابردوو 28% زیادیكردووە.
ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت كە بە (ئۆپیك) ناسراوە، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاماری بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2021دا ئێران ڕۆژانە دوو ملیۆن و 214 هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە، هەروەها توانیویەتی لە چارەكی دووەمدا بۆ 2 ملیۆن و 443 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبكاتەوە.

ئامارەكان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بەهۆی سەپاندنی گەمارۆكانی ئەمریكاوە هەناردەی نەوتی ئێران دابەزیوە، بەڵام توانیویەتی قۆناغ بەقۆناغ قەرەبووی ئەو دابەزینە بكاتەوە و ئاستی هەناردەكردنی بەرز بكاتەوە.

پێشتریش، بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندبوو، هەرچەندە بەهۆی گەمارۆ توندەكانی ئەمریكا و كەرتی پیشەسازی نەوتی وڵاتەكەی زیانێكی زۆری بەركەوتووە، بەڵام بەردەوام بووە لە كارەكانی و پارێزگاری لە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت كردووە.