سەردێر

1200 چینی لە كۆمپانیاكانی هەرێم كاردەكەن

خەڵك

كۆنسوڵی چین ڕایدەگەیەنێت، ئێستا زیاتر لە 1200 هاووڵاتیی وڵاتەكەی لە كۆمپانیاكانی چیمەنتۆ، ستیل و پەیوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 16-08-2021 مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە نی ڕوو چی، كۆنسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی كوردستان كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان، بارودۆخی سیاسی و دۆخی تەندروستی و پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم، گەشەسەندنی بازرگانیی چینی بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەزموونی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەكاندا لە هەرێمی كوردستان ڕەنگ بداتەوە و كۆمپانیا چینییەكان وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە كۆنسوڵی گشتیی چین خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوەی بەشی زمانی چینی لە زانكۆی سەڵاحەدین دەربڕی، هەروەك لە ساڵی ڕابردووەوە لە زانكۆی پەكینیش بەشی زمانی كوردی دەخوێنرێت.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا كۆنسوڵی چین ئاماژەی بەوەدا “ئێستا زیاتر لە 1200 هاووڵاتیی چینی كار لە كۆمپانیاكانی چیمەنتۆ و ستیل و پەیوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان دەكەن”.