سەردێر

دارایی هەرێم لە بارەی تەمەنی خانەنشینیەوە ڕێنماییەك بڵاودەكاتەوە

خەڵك

لە ڕێنماییەكدا لە بارەی چەسپاندنی تەمەنی فەرمانبەران بۆ خانەنشینی، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: كار بەو تەمەنە دەكرێت كە لە كاتی دامەزراندنی فەرمانبەرەكەدا چەسپاوە و هەر ڕاستكردنەوەیەك كە دواتر بكرێت، كاری پێناكرێت.
لە ڕێنماییەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت كراوە هاتووە: “پاڵپشت بە ماددە 25ی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 ، چەسپاندنی تەمەنی ڕاستی فەرمانبەر، یان خانەنشینكراو لەسەر ئەو بەڵگەیە دەبێت كە پێی دادەمەزرێت، یان تەمەنی دەچەسپێت”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونیشیكردووەتەوە: “كار ناكرێت بە هیچ ڕاستكردنەوەیەكی دادی، یان كارگێڕی كە لە پاشان دەردەچێت”.

هاوكات، حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندووە: “كاتێك فەرمانبەرێك دادەمەزرێت لەگەڵ بەڵگەكانی دامەزراندن چەسپاندنی تەمەنی بۆ دەكرێت، ئەو تەمەنەی كە چەسپێندراوە كە ڕۆژ و مانگ و ساڵ دەگرێتەوە، بەپێی ئەوە بۆ خانەنشینییەكەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و دواتر هیچ دەستكارییەك قبوڵ ناكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمساڵ ئەوانەی خانەنشین دەبن، لەدایكبووانی ساڵی 1958ـن و “ئەگەر كارمەندێك 63 ساڵی خۆی تەواو بكات، دەبێت مامەڵەی خانەنشینیی بۆ بكرێت، بە پێچەوانەوە هەر پارەیەكی زیادە وەربگرێت بە نایاسایی ئەژمار دەكرێت”.