سەردێر

“حكومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نرخی بەنزین زیاد دەكەن”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت‌ و وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان، بەشدارن لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

ماوەیەكە ڕۆژانە نرخی بەنزین ڕوو لە زیادبوون دەكات و تاكو ئێستاش هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار هەڵوێستی نییە و هۆكارەكەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگێڕنەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كاتێك نرخی نەوتیش گەیشتە نزمترین ئاست نرخی بەنزین لە هەرێم هەر گران بوو.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە نووسینێكیدا ڕایگەیاند، ڕۆژ بە ڕۆژ نرخی‌ بەنزین گران دەبێت، بەجۆرێك نزیكبووەتەوە لە هەزار دینار بۆ لیترێك، شۆفێری‌ زیاتر لە یەك ملیۆن‌ و 600 هەزار ئۆتۆمبیل، ناچارن ڕۆژانە باجی‌ ئەم گرانیە بدەن، حكومەتیش لە ڕێگەی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكانیەوە، نەوەك ڕۆڵی‌ نییە لە كەمكردنەوەی‌ نرخ، بەڵكو خۆی‌ گەورەترین گەندەڵی‌ دەكات بە قۆرخكاریی‌ لە پاڵاوتن‌ و دابەشكردنی‌ بەنزین، دیاریش نیە چەند لەو بەنزینە لە بازاڕ و بەنایاسایی‌ بە نرخی‌ زۆر گران دەفرۆشرێتەوە!

وتیشی، “گرنگترین (سەرپیچی‌‌، قۆرخكاریی، هەڵە)ی وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكان لە بواری گرانبوونی نرخی بەنزین بریتین لەوەی وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكان بە قۆرخكاریی‌ بڕی‌ 20 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە تەنها لە پاڵاوگەی‌ (كار) دەپاڵێوێت‌ و نایداتە هیچ پاڵاوگەیەكی‌ تر، كە ئەمە بۆخۆی‌ قۆرخكارییەكی‌ گەورەی‌ ئاشكرایە و پێچەوانەی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌‌ و هەموو یاسا بەركارەكان، هەروەها ئەو بڕە بەنزینەی‌ بەرهەمی‌ دەهێنێت، كە بڕەكەی‌ یەك ملیۆن لیتری‌ ڕۆژانەیە، دەیدات بە دوو كۆمپانیای‌ (سەن ئۆیڵ) و (كورد نەفت)، كە ئەمەش پێچەوانەی‌ هەموو یاسا بەركارەكانە و گەندەڵیەكی‌ ئاشكرای‌ وەزارەت‌ و بێبەشكردنی‌ كۆمپانیاكانی‌ ترە، هاوكات شارەكانی‌ تری‌ هەرێمیش”.

ئاشكراشیكرد، ئەو یەك ملیۆن لیتر بەنزینەی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەكان بەرهەمی‌ دەهێنێت‌ و دەدرێتە ئەو دوو كۆمپانیایە بۆ دابەشكردن، بە دوو ڕێگە دەبێتە هۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ بەنزینی‌ نۆرمەڵ بەشێوەیەك، بەهۆی‌ بوونی‌ یەك ملیۆن لیتر بەنزین كە بەنرخی‌ كەمتر لە نرخەكەی‌ بازاڕ دەدرێتە دوو كۆمپانیا، دەبێتەهۆی‌ ئەوەی‌ بازرگانان نەتوانن بەهەمان نرخ بەنزین لە دەرەوە هاوردە بكەن، بەمەش ئەو بڕە بەنزینە نۆرمەڵەی‌ دەخرێتە بازاڕ كەمترە لەو بەنزینە نۆرمەڵەی‌ بازاڕ پێویستیەتی‌، بۆیە دەبێتەهۆی‌ تێكچوونی‌ هاوسەنگی‌ هاوكێشەی‌ بازاڕ، هەروەها ئەو بەنزینەی‌ بە نرخی‌ پشتیوانیكراوی‌ حكومی‌، كە (٦٢٠ دینار)ە، دەچێتە بازاڕ هیچ چاودێرییەكی‌ لەسەر نیە تا هەمووی‌ بەسەر شۆفێراندا دابەش بكرێت‌، دیار نیە ئەو ملیۆن لیترە چەندی‌ بە (٦٦٠ دینار) دەفرۆشرێت ‌و چەندی‌ بە قاچاخ بە نرخی‌ بازاڕ دەفرۆشرێتەوە، كە زیاترە لە (٨٠٠ دینار)!

ڕوونیشیكردەوە، بۆ مەبەستی كەمكردنەوەی نرخی بەنزین، حكومەتی‌ هەرێم نەك باج كەم ناكاتەوە، بگرە باج‌ و ڕسوماتی‌ لەسەر سووتەمەنی‌ زیاد كردووە، ئەمەش بۆتە هۆی‌ ئەوەی‌ بازاڕ بە پێچەوانەوە جوڵە بكات، باجی‌ هەموو ئەم سیاسەتە چەوتەش هاووڵاتی‌ دەیدات.