سەردێر

ئەمساڵ 33%ی گەنمی جوتیاران وەرگیراوە

خەڵك-
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كۆتایی هاتووە و دەشڵێت: “بەهۆی وشكەساڵی و بوونی سون لە گەنمەكەدا و فرۆشتنی بەشێكی گەنمیش بە عێراق لەلایەن جوتیارانەوە، كەمتر لەو بڕەی دیاری كرابوو وەرگیراوە”.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند، لە٢٠٢١/٨/١ پڕۆسەی وەرگرتنی جوتیاران لە هەرێمی كوردستان كۆتایی پێ هاتووە و هەرچەندە بڕیار بوو بڕی (٣٧٥) هەزار تەن وەربگیرێت، بەڵام كەمتر بەڕێژەی 33% وەرگیراوە.

سەبارەت بە هۆكارەكانی كەمی وەرگرتنی گەنم ئاشكرای كرد، “بەهۆی وشكەساڵییەوە زۆری ئەو گەنمەی دەهات سون لێیدابوو، بۆیە نەتوانرا وەربگیرێت، هەروەها لە ٢٠٢١/٦/٢٢ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێم دەستی پێكرد، بەڵام لەشارەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق لە٢٠٢١/٤/١٢ دەستی پێ كرد و جوتیارەكان بەشێك لە گەنمەكانیان ناردبووە ئەو سایلۆیانە و لە هەمان كاتدا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتیش بڕێك گەنمیان بە پارەی نەقدی وەرگرت”.

جەختیشی كردەوە، هەموو ئەو هۆكارانە وایكرد، كە لە هەرێم تەنها (١٢٥) هەزار و 482 تەن و 630 كیلۆ وەربگیرێت.

بڕی وەرگیراوی گەنمی جوتیاران بەپێی پارێزگاكان بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
– سلێمانی: 73 هەزار و 311 تەن و 150 كیلۆ
– هەولێر:46 هەزار و 187 تەن و 720 كیلۆ
– دهۆك: 6 هەزار و 983 تەن و 760 كیلۆ.