سەردێر

ڕاوێژكارێكی كازمی: نرخی نەوت لەبودجەی ساڵی داهاتوودا 55 دۆلار دەبێت

خەڵك

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، دیاریكردنی نرخی نەوت لەپڕۆژە یاسای ساڵی 2022دا پەیوەستە بە پەرەسەندنەكانی بازاڕ لەپایزی داهاتوودا و بە ڕێژەی 15% بۆ 20% لەنرخی جێگیركراو لە بودجەی ئەمساڵ زیاتر دەبێت.


مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا نرخی بەرمیلیك نەوت بە 45 دۆلار جێگیركراوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2022دا لەنێوان 52 بۆ 55 دۆلاردا بێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد، لەدیاریكردنی نرخی نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوودا زیادبوونی پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئۆپیك پڵەس كراوە لەبەرچاوگیراوە، چونكە مانگانە قۆناغ بەقۆناغ بەرهەمهێنانی زیاتر دەبێت و پێشبینی دەكرێت لەچەند مانگی داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتان دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاد بكات.

مەزهەر محەمەد ساڵح پێشبینیشی كرد، لەبودجەی 2022دا كورتهێنان بەرێژەی 50% كەمببێتەوە، بەمەرجێك داهاتە نانەوتیەكان زیادببێت و خەرجییەكانیش بە جێگیری بمێنێتەوە.