سەردێر

ئێران هەناردەی كارەبای بۆ عیراق بەتەواوەتی ڕاگرت

خەڵك

كۆمپانیای بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبای ئێران ڕایدەگەیەنێت، هەناردەكردنی كارەبایان بۆ عیراق بە تەواوی ڕاگرتووە.
محەمەد حەسەن متەوەلیزادە، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبای ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی فەرمی حكومەتی ئێرانی ڕاگەیاند، بەهۆی كێشەی كەمی كارەبا لەو وڵاتە، هەناردەكردنی كارەبایان گەیاندووەتە كەمترین ئاست و لە بەرامبەردا هاوردەكردنیان زیادكردووە.

متەوەلیزادە دەڵێت: “تا هەفتەی ڕابردووش 50 مێگاوات كارەبامان ڕەوانەی عیراق دەكرد، بەڵام ئەم هەفتەیە بە تەواوی ڕامانگرتووە، هەروەها، هەناردەی كارەبامان بۆ ئەفغانستانیش بۆ نزیكەی 100 مێگاوات دابەزاندووە”.

بەپێی ئاماری كۆمپانیای دابەشكردن و بەرهەمهێنانی كارەبای ئێران، بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 66 هەزار مێگاوات و بەرهەمهێنانیش دەوروبەری 54 هەزار مێگاواتە، بۆیە كورتهێنانی كارەبا لەو وڵاتەدا هەیە.