سەردێر

یاسین مەحمود: كارەبا و خزمەتگوزارییەكان دەدرێنە كەرتی تایبەت

خەڵك
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێم هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی كەرتە خزمەتگوزارییەكان بداتە كەرتی تایبەت و دەشڵێت، ساڵی داهاتوو كارەبا دەدرێتە كەرتی تایبەت، وەك” چۆن باڵانسی مۆبایل دەكڕدرێت ئاواش باڵانسی كارەبا دەكڕین”.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەڕوات و شتێك نەماوە ناوی قەیرانی دارایی بێت.

ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئەرێنییەو لەمەودوا كێبڕكێ لەنێوان پارێزگاكاندا دروست دەبێت بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان.

– دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لەچ ئاستێكدایە؟
یاسین مەحمود: بەدڵنیاییەوە ئەمساڵی 2021 گۆڕانكاری گەورە روویداوە بەراورد بەساڵانی رابردوو 2020 و 2019دا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت سوودی گەورە ببینێت لەو گۆڕانكارییانەی كە روویداوە هەر لەقەیرانی دارایی و دواتر شەڕی داعش و دواتر ئەوەی لە ریفراندۆم تووشی كێشە بووین، خۆتان باش دەزانن كە لەگەڵ حكومەتی عیراق رووبەڕووی كێشەی گەورە بووینەوەو دواتر كۆرۆنای هاتەسەر، لەهەمووی خراپتر نرخی نەوت زۆر دابەزیبوو، ئێستا ئەمانە قۆناغ بەقۆناغ ئێمە بەجێمان هێشتووە.

هەرێمی كوردستان لە دۆخی ئێستادا دەتوانێت گەشەیەكی باش بدات بەهەموو بوارە ئابوورییەكان، ئەو خاڵانەی بۆم باسكردی ئێستا پێچەوانەكەی هەیە كە نرخی نەوت لەجیهاندا بەرزبووەتەوە كاریگەری ئەرێنی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە جۆرێك لەئارامی ئابووری دروستكردووە، دراوی عیراقی جێگیر بووە، لەبەرمبەر ئەوەدا دراوی وڵاتانی توركیاو ئێران و سوریا بەتەواوی دابەزیوون و وەبەرهێنەكانیان روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن بۆ سەرمایەگوزاری، لەوڵاتەكانی خۆیان تۆقیوون كە دراوسێی هەرێم و عێراقن، بۆیە هەرێم دەتوانێت بڵێت دۆخی ئابووریم ئارامی بەخۆیەوە بینیوە.

– ئێستا قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستاندا ماوە؟

یاسین مەحمود: شتێك نەماوە ناوی قەیرانی دارایی بێت، ئێستا لەسەروبەندی كۆتایی هاتنی قەیرانی داراییدان، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا زۆر باش بووە، بە رەسمی بەغدا رایگەیاندووە كە تا كۆتایی ئەمساڵ مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات.

قەیرانی دارایی هەرێم تەنها نەبوونی نەختینە بووە، خۆ تووشی هیچ داڕمانێكی دیكەی ئابووری نەبووەتەوە، نەمانی نەختینە و لەماوەی رابردوو بەشێوازێكی زانستی مومارەسەی ئابووری نەكردبوو ژمارەیەكی بەرچاو فەرمانبەری دامەزراند، بەبێ بەرنامەش هەندێ پرۆژە جێبەجێ كرابوو، لەسێكتەری وزەشدا بە راستی نەمانتوانیبوو ئەو سێكتەرە بخەینە خزمەتی ژێرخانی ئابوورییەوە كە سەرچاوەی یەكەمی داهات بوو، ئەگەر ئیرادە هەبێت قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستاندا نەماوە، ئەگەر ئەم رێككەوتنەی هەرێم و عیراق بەردەوام بێت زۆر بەئاسانی دەتوانێت جوڵەی بازاڕ هەم لەڕووی راكێشانی وەبەرهێنەرو بەگەڕخستنی سەرمایەی ناوخۆییەوە دەتوانێت زۆر پێشبكەوێت.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم زۆر گرنگی بەباج داوە، هیچ كابینەیەك لە حكومەتەكانی پێشوو بەقەدەر ئەم كابینەیە گرنگی بەباج نەداوە، حكومەتی هەرێم وا هەنگاو دەنێت هەر بەباج و داهاتەكانی ناوخۆ وا بكات پێویستی بەو 200 ملیار دینارەی بەغدا نەمێنێت.

– نرخی خانووبەرە و زەوی لەهەرێمی كوردستاندا زۆر بەرزبووەتەوە هۆكارەكەی چییە؟

یاسین مەحمود: لەساڵی 2009 تا 2013 نرخی خانوبەرە بەشێوەیەكی زۆر ناتەندروست بەرزبووەوە، لە 2014 تا 2017 بەشێوەیەكی زۆر ناتەندروست دابەزی، بەڵام دەتوانین بڵێین لەدوای لەساڵی رابردوو و ئەمساڵیش خانوبەرە بەرزبووەتەوە، چونكە خەڵكێكی زۆری شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق موڵك و ماڵ لەهەرێمی كوردستان دەكڕن، لەسەدا 70%ی عەرەب موڵك و ماڵ لەهەولێر دەكڕن، ئەمە بۆ هەرێم زۆر باشەو سەرمایەو هەلی كار دەهێننە هەرێمی كوردستانەوە، پێشتر بەناوی ئەوەی كە دیمۆگرافیای كوردستان تێكدەچێت مامەڵەیان بۆ عەرەب نەدەكرد یان دوو مانگی پێدەچوو، بەڵام لەئێستادا هەر عەرەبێك موڵك لەهەرێمی كوردستاندا بكڕێت لەماوەی یەك دوو رۆژدا كارەكانی بۆ رایی دەكرێت.

لەسەرتاسەری عیراقدا 129 هەزار خانەوادەی عەرەب و هەرێمی كوردستان موڵك و یەكەی نیشتەجێبوونیان لەوڵاتی توركیا كڕیوە، بەداخەوە تووشی زەرەر بوون، هەتا ئەوانەی كڕیویانە لەسەدا 40% بۆ لەسەدا 50% لەزەرەردایە، لەهەرێمی كوردستانیش چوار پێنج هەزار خانەوادە یەكەی نیشتەجێبوونیان لەتوركیا كڕیوەو تووشی زەرەر بوون.

– شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان چ كاریگەرییەكی ئەرێنی دروستدەكات؟

یاسین مەحمود: كاریگەری زۆر باش دروستدەكات لەسەر جەستەی ئابووری هەرێمی كوردستان، كێبڕكێی گەورە لەنێوان پارێزگاكاندا دروستدەكات و هەلی كار زیاد دەكات، ئێستا هیچ پاساوێكمان نەماوەو پارێزگار دەتوانێت رۆڵی سەرۆكی حكومەت ببینێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان دەتوانن لەچاودێریكردنی پرۆژەكان رۆڵی پەرلەمان ببینن، هەر بەڕێوەبەرایەتییەك دەتوانێت رۆڵی وەزارەتێك ببینێت، لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان دەتوانێت رۆڵی وەزارەتێك ببینێت، ئەمە زەمینەی لەبارتر دەهێنێتە پێشەوە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، لەناو خودی پارێزگاكاندا رۆتین كەمبكەینەوەو دادپەروەری بنیاد بنێین، بەڵام لەگەڵ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان، پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان هەمان بڕیار بدەن، چونكە ئەوكات كارئاسانی تەواو بۆ كارەكان دەكرێت و سوودی گەورەتر دەگەیەنێت بەپارێزگاكان و كێبڕكێی ئاوەدانی و پێشخستنی وەبەرهێنان دروست دەكات.

– كابینەی نۆیەم وەك خۆیان رایانگەیاندووە گرنگی بەهەمانگی لەگەڵ كەرتی تایبەت دەدەن، پێتانوایە حكومەت كەرتە خزمەتگوازییەكانی وەك كارەباو پەروەردەو تەندروستی دەداتە كەرتی تایبەت ئەوەندەی لەنزیكەوە ئاگاداربن؟

یاسین مەحمود: هەموو ئەو سێكتەرە خزمەتگوزاریانەی كە پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە دەدرێتە كەرتی تایبەت، سیاسەتی ئێستای حكومەتی هەرێم روون و ئاشكرایە كە دەیەوێت جۆرەكانی خزمەتگوزاری بەهەموو جۆرەكانی كارەباو پەروەردەو تەندروستی بداتە كەرتی تایبەت.

لەچەند ساڵی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكمدا هەر لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی باسمكردووە كە خەرجییەكی زۆر دەڕوات بۆ خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و بەفیڕۆدانی گەورەی تێدایەو ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار بەفیڕۆ دەچێت، ئەوەتا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی باسی كردووە كە ساڵانە 311 ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئاوی پاك تەرخان كراوە كە حكومەتی هەرێم ساڵانە 11 ملیار دیناری دەستدەكەوێتەوە لەپارەی ئاو.

لەساڵی داهاتوو كارەبای هەرێم بەتەواوەتی دەدرێتە دەست كەرتی تایبەت، كاری زۆری بۆ كراوە لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەكە خێراتر بكرێت.

كارەبا لەهەموو وڵاتێكدا وەك بەدیلی وزە بەكاردەهێندرێت و پارەی دەستدەكەوێت، تەنها لەهەرێمی كوردستاندا كارەبا بەفیڕۆ دەدرێت، قازانجی ئێستای كەرتی كارەبا تەنها دەچێتە گیرفانی كەرتی تایبەتەوەو حكومەت هیچی لێ دەستناكەوێت و زەرەرەكەی خۆی دەیدات.

ئەوەی كابینەی نۆیەم هەنگاوی بۆ ناوە هەریەك لەكەرتی كارەباو پەروەردەو خوێندن و تەندروستی هەر هەمووی دەدرێتە كەرتی تایبەت، چونكە حكومەت ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ ئەم كەرتانە خەرج دەكات، نیوەی بەفیڕۆ دەڕوات، زۆری نەماوە وەك وڵاتانی دیكەی لێبێت، وەك چۆن ئێستا لەهەندێ لە پرۆژە نیشتەجێبوون و سیتییەكاندا كارەبا وەك كارتی مۆبایل بەباڵانسە بەو شێوەیەی لێدێت و ئەوكاتە هاووڵاتیان كارەبای كەمتر بەكاردەهێنن.

– ژمارەی ئەوانەی خاوەنی ملیۆنان دۆلارن لەهەرێمی كوردستاندا چەندە؟

یاسین مەحمود: لەهەرێمی كوردستاندا 10 هەزار كەس سەروەت و سامانیان بەموڵكەوە لەسەروو پێنج ملیۆن دۆلارەوەیە، واتا لە پێنج ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەكات تا سەدان ملیۆن دۆلار، بەڵام ژمارە گەورەكان 13 كۆمپانیان كە سەرمایەكانیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە لە ملیارێك دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 6.7ملیار دۆلار، كە دوو كۆمپانیای گەورە لەسلێمانی و هەولێر لەكێبڕكێی گەورەدان بۆ ئەوەی ژمارە گەورەكە تۆمار بكەن و ببنە ژمارەی یەكەم، لەو 13 كۆمپانیایە دووانیان حزبی نین، ئەوانی دیكە نیمچە حزبین، دوو كۆمپانیای حزبیشمان هەیە.

– ئایا چەند هەزار كۆمپانیای بیانی لەهەرێمی كوردستاندا كاردەكەن؟

یاسین مەحمود: لەهەرێمی كوردستاندا پێنج هەزار كۆمپانیای بیانی بوونیان هەیەو كاردەكەن كە ریزبەندی یەكەمی كۆمپانیا بیانییەكان، كۆمپانیا توركییەكانن، كە لەسەدا 67% كەلوپەلی بیناسازی لەوڵاتی توركیاوە دێتە هەرێمەوە، ئینجا بەدوایدا ئێران دێت، ئینجا وڵاتانی دیكە، بۆ خۆمان لەهەرێمی كوردستان لەمەوادی بیناسازی وەك شیش و چیمەنتۆ چەند مەوادێكی دیكە لەسەدا 11% دابین دەكەین.

ئەو سوودەی كۆمپانیا توركییەكان لەهەرێمی كوردستاندا بینیویانە لەبوارەكانی كەلوپەلی بیناسازی و بازرگانی و بەڵێندەرایەتی دووبەشیان بردووەو كۆمپانیا بیانییەكانی دیكەو ناوخۆییەكان تەنها یەك بەشیان بردووە.

– بەشێك لەگەنجان و خانەوادەكانی هەرێم كۆچ دەكەن بۆ هەندەران، پێتوایە دۆخی ئابووری باش دەبێت تا كۆچكردن كەمببێتەوە؟

یاسین مەحمود: لە2014 تائێستا ئەوە حەوت ساڵە لەهەزاردا یەك كەس، حكومەت دەرچووەكانی دانەمەزراندووە، كەرتی تایبەت شەش حەوت مانگە هەناسەیان بەبەردا هاتۆتەوەو كۆمپانیاكانیان هەلی كار رادەگەیەنن، لەشەش ساڵدا دەزانن چەند كەس زانكۆو پەیمانگاكانی تەواو كردووە، ئەگەر حكومەت دامەزراندنی نەبێت و لەبازاڕدا هەلی كاری بۆ نەڕەخسێت ناچارە كۆچ بكات.

لە 2006 تا 2012 كۆچكردن پێچەوانە بووەوە لەبەرئەوەی پارە زۆر بوو پرۆژەو كار هەبوو، تەنها لەكەرتی تایبەتدا نزیكەی 700 هەزار كەس كاری دەكرد، ئێستا لەسەرتاسەری هەموو كوردستاندا تەنها 138 هەزار كەس كاردەكەن.
سەرچاوە: هاوڵاتی، ئارا ئەحمەد