سەردێر

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی هەوڵی بووژاندنەوەی ئابووریی جیهان دەدات

خەڵك
سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بە پێشكەشكردنی بڕی 650 ملیار دۆلار، هەوڵی بووژاندنەوەی ئابووریی جیهان دەدات، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی بەهۆی كۆرۆناوە زیانیان پێگەیشتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3-8-2021، ئەنجوومەنی پارێزگارەكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ڕەزامەندی لەسەر گەورەترین پاڵپشتی لە مێژووی خۆیدا بۆ ئابووریی جیهان، دەربڕی.

كریستینا گۆرگیڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە: سندوقەكە بەو 650 ملیار دۆلارە پاڵپشتیی گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتانە دەكات، كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانییەوە زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە.

ئاماژەی بە ئەوەشكردووە، تەرخانكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ پاڵپشتیی ئابووریی جیهانی، وەك ”پێكوتەیەكە، كە لە قۆڵی ئابووریی جیهانی لە سەختترین قەیرانیدا، دەدرێت“.

كریستینا گۆرگیڤا دەشڵێت: پێدانی پارەكە، كە لە 23-8-2021ـەوە دەست پێدەكات، هەموو وڵاتانی ئەندام لە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و ئابوورییەكەیان دەبووژێنێتەوە.