سەردێر

وەزیری شارەوانی: لەماوەی دوو ساڵدا 265 ملیار دینار لە كۆكردنەوەی خاشاك خەرج كراوە

خەڵك

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم زیاتر لە 500 پڕۆژەی خزمەتگوزاری مامناوەند و گەورە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار جێبەجێدەكات.


ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری هەبوو، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی بەشێك لە پڕۆژە‌ خزمەتگوزارییەكان جێبەجێ بكات.

ئاماژە‌ی بەوەدا كە بەشێك لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە‌ گەورە و ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەم، ئەنجامدانی 519 پڕۆژە‌ی گەورە و مامناوەند بە گوژمەی سێ ترلیۆن و 340 ملیار دینارە كە هەندێكیان تەواو بوونە و هەندێكی تریشیان لە ژێر جێبەجێكردندان.

ساسان عەونی باسی لەوەشكرد، لەماوەی دوو ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا، 265 ملیار دینار لە كۆكردنەوەی خاشاك خەرج كراوە. واتە مانگانە زیاتر لە 11‌ ملیار دینار بۆ خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان خەرج دەكرێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژە‌ی بەوەش كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە زیاتر لە 311 ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن خەرج دەكات. كە مانگانە زیاتر لە 70 ملیۆن سێجا ئاو دابین دەكرێت، كە ئەم ڕێژە‌یەیش زۆر زیاترە لە ئاستی ستانداردی جیهانی.

بە‌پێی داتاكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگو‌زار، تەنها لە ڕۆژێكدا نزیكەی 240 ملیۆن دینار بە ‌هۆی بەفیڕۆدانی ئاوی خاوێن دەڕوات كە ساڵانە نزیكەی 90 ملیار دینار بەفیڕۆ دەچێت.