سەردێر

كازمی داوای ملیارێك دۆلار قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی دەكات

خەڵك

سەرۆك وەزیرانی عیراق داوا لە بانكی نێودەوڵەتی دەكات، بەشێوەیەكی خێرا زیاتر لە ملیارێك دۆلار قەرز بداتە وڵاتەكە بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوخۆدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە، مستەفا كازمی لەشوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتۆن، چاوی بە (دیڤید مالباس) سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی كەوتووە و داوایكردووە بەشێوەیەكی خێرا زیاتر لە یەك ملیار دۆلار وەك قەرز بۆ عیراق خەرج بكرێت، تا ژمارەیەك پڕۆژە پێوستی خزمەتگوزاری بەخێرایی پێ ئەنجام بدرێت.

هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە، مستەفا كازمی لەگەڵ ژووری بارزگانی ئەمریكا كۆبووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دەرگای عیراق بەڕووی وەبەرهێنەراندا كراوەیە و حكومەت ڕێوشوێنی بوێرانەی بۆ چاكسازی ڕاستەقینەی ئابووری گرتووەتەبەر.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كازمی باسی لەوەشكردووە، هەرچەندە كورتهێنانی بودجەمان هەبووە، بەڵام توانیومانە چارەسەری لاوازی ژێرخانی ئابووری وڵات بكەین ئەوەش لەڕێگەی هاندانی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەتەوە بووە.

كازمی ئەوەشی خستووەتەڕوو، حكومەتی عیراق پلانی هەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا و لەڕێگەی كۆمپانیا جیهانییەكانەوە 7 هەزار و 500 مێگاوات وزەی خاوێن بەرهەم بهێنێت.