سەردێر

وەزارەتی كشتوكاڵ: هۆكاری بەكرێدانی نەمامگەكان كۆمەڵێك گرفتە

"بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەكرێدراون"

خەڵك-ئارام سەردار

لەبارەی بەكرێدانی نەمامگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، وتەبێژی وەزارەت ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كۆمەڵێك گرفت بەشێك لە نەمامگەكانمان بەكرێداون و دڵنیایش دەدات لەوەی نرخی نەمام و بەرهەمی نەمام گۆڕانكاری بەسەردانایەت.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەبەڕێوەبردنی نەمامگەكان كۆمەڵێك گرفت ڕووبەڕوویان بووەتەوە بەهۆی ئەو قەیرانەی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەبووە نەتوانراوە بەباشی خزمەتی تەواوی باخ و نەمامگەكان بكرێت، لەوانەش نەبوونی كارمەندی پێویست و خانەنشین بوونی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و نەبوونی پۆلیسی دارستان و تەنانەت پاسەوانیش كە بەشێك لە پێویستیەكانی ناو نەمامگەكان بردراون بۆیە ئەو بڕیارەماندا.

دەشڵێت، ئەوان ٣٠ نەمامگەیان هەیە ١٤ی دارستان و ١٦ی نەمامەش باخدارین ئەو نەمامگانە بەكرێ دەدرێن كە بنەماكانی بەرهەمهێنانیان تێدا نەماوە، واتە بەشێك لەنەمامگە سەرەكیەكان لەپارێزگاكان وەزارەت بەڕێوەی دەبات و تواناكانیان كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتریان هەبێت و ئەوانەشی بەكرێ دەدرێن كاریگەری لەسەر نرخ و ڕێژەی بەرهەمی نەمام نابێت.

باسی لەئەوەشكرد، زیاتر لە ملیۆنێك نەمام لەنێوان ساڵانی لە ٢٠١١ و ٢٠١٢ بۆ هەر ساڵیك بەرهەم هاتووە و دابەشكراوە بەسەر شارەوانی و قوتابخانەكانی كوردستان، بەڵام لە ساڵانی دواتر ئاستی بەرهەمهێنانیان كەمبۆتەوە، بەكرێدانیان دەبێتە هۆی هەلی كار لە كوردستان بەتایبەتی بۆ ئەوانەی دەرچووی كۆلێژە كشتوكاڵییەكانن و هەروەها بەرهەمهێنانی نەمام و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت، سەرباری ئەوەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەكرێدراون.