سەردێر

وەزارەتی كارەبای هەرێم: لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبا ڕێنماییمان دەرنەكردووە

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: هاوبەشانی كارەبا یەك ترلیۆن ‌و 250 ملیۆن دینار قەرزدارن‌ و تائێستاش هیچ گشتاندنێك لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی قەرزی كارەبا لە هاووڵاتیان، ئاڕاستەی پارێزگاكان نەكراوە.


ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: تائێستا وەزارەتی كارەبا هیچ ڕێنماییەكی لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی كە لای هاوبەشەكانیەتی دەرنەكردووە، ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێریش باسی كردووە، كە هەر هاوبەشێكی كارەبا ئەگەر بۆ ماوەی دوو خول لەسەریەك پارەی كارەبا نەدات كارەباكەی دەبڕدرێت، ئەوە ڕێنمایی وەزارەت نییە، بەڵكو بڕیاری خۆیەتی، چونكە هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی دەتوانێت لە سنووریی دەسەڵاتی خۆی ئەو كارانە بكات.

سەبارەت بەو قەرزەش كە لە ئەستۆی هاوبەشانی كارەبایە، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم وتی: كۆی گشتی ئەو قەرزە بە یەك ترلیۆن‌و 250 ملیۆن دینار مەزەندە دەكرێت، زۆرترین قەرزی كارەباش لەلای هاوبەشەكانی سنووریی پارێزگای سلێمانییە، بەو پێیەی كە ژمارەی هاوبەشەكانی ئەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بەپارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان.