سەردێر

دانەوەی قەرزی ئاو و كارەبا بە مووچەی پاشەكەوتكراو یەكلایی دەبێتەوە

خەڵك

ئەنجومەنی پارێزگاكانی ھەرێم دوای جەژن دۆسیەی دانەوەی قەرزی ئاو و كارەبا لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان یەكلایی دەكەنەوە.


دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو پێشنیاری دانەوەی قەرزی ئاو وكارەبا لە مووچە پاشەكەوتكراوەكان خرایە بەرباس و ھەر زوو خامۆش كرا، زیاتر لە مانگێكە ئەم دۆسیە سەری ھەڵداوەتەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، “ھەوڵدەدەین دوای جەژن لەگەڵ ھەرسێ ئەنجومەنەكەی تری پارێزگاكانی ھەرێم بە نووسراوێك بۆ وەزارەتی دارایی ئەو دۆسیە یەكلایی بكەنەوە”.

ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردساتی ڕاگەیاند، تائێستا ھیچ وەڵامێكی فەرمی نییە لەلایەن وەزارەتی دارایی و حكومەتی ھەرێم تا بە پاشەكەوتی مووچە قەرزی ئاو و كارەبا بدرێتەوە و بۆ ئەوەش دەبێت جارێكی تر كۆبوونەوە بكرێت.

ئازاد حەمە ئەمین وتیشی، ھەوڵدەدەین لە دوای جەژن كۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ھەرێم بكرێت و بە نووسراوێك داوای وەڵام لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم و وەزارەتی دارایی بكەین ھەتا ئەوانیش بە فەرمی ئەم دۆسیەیە یەكلایی بكەنەوە.