سەردێر

جوتیار عادل: تا یەكشەممەی داهاتوو بڕیار لەبارەی لێبڕینی مووچە دەدرێت

خەڵك

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵی حكومەت بۆ ئەوەیە لێبڕینی مووچە نەهێڵێت و تا كۆتایی هەفتەش بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “كاری لەپێشینەی حكومەت دابەشكردنی مووچەیە بەبێ لێبڕین، بەمەرجێ بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی 200 ملیارەكە، نەك مانگێك بدرێت و دواتر بەربەستی بۆ دروستبكرێت.”

وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكرد، “وەزارەتی دارایی سەرقاڵی كۆكردنەوەی داهاتە بۆ دابەشكردنی مووچە.” هاوكات دەشڵێت، جگە لە لێدوانەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی، لێدوانی تر فەرمی نین”.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عیراق ڕایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیكردن لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان. 11ـی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، پارەكە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانكیی هەرێمی كوردستان.