سەردێر

گرانفرۆشەكان سزا دەدرێن

سلێمانی – نزار جەزا
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی پلانەكانیان بۆ چاودێریكردنی بازاڕەكان لەڕووی كوالێتی و نرخەوە توند كردووەتەوە و جەخت لەئەوەدەكەنەوە، هەركەسێك گرانفرۆشی بكات، یان خۆراكی خراپ و بەسەرچوو بفرۆشێت سزادەدرێت.

ئەحمەد كەسنەزانی، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، نزیكبوونەتەوە لەجەژنی قوربان، بۆیە لیژنەكانیان هاوشێوەی پێشتر و زیاتر كاردەكەن بۆ چاودێریكردنی بازاڕ و ماركێت و ئەو شوێنانەی بەرهەمی جیاوازی لێ دەفرۆشرێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەر شوێنێك گرانفرۆشی بكات یان بەرهەمی بەسەرچوو بفرۆشێت یان بەرهەمی كوالێتی خراپ و تێكچوو بفرۆشێت، بەپێی ڕێنماییەكان سزای پێویست دەدرێت.

باسی لەئەوەشكرد، سەبارەت بەقوربانیكرد، ڕێنمایی تازە دەردەكەن بۆ قەسابخانە و سەربڕخانەكان، بۆئەوەی هاووڵاتییان بتوانن قوربانی بەشێوەیەكی تەندروست بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، وەك لیژنەكانیان پلانی درێژخایەنیان هەیە، بۆ دوای جەژنیش، كە لەپێناو تەندروستی هاووڵاتییاندا بەردەوامبن لەچالاكییەكانیان و ڕێگری لەگرانفرۆشی بكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لەناوەڕاستی هەفتەی ئایندەدا جەژنی قوربانە و خواستی كڕین لەنێو بازاڕەكاندا زیادیكردووە، بۆیە چاودێرییەكان لەسەر بازاڕ زیادیكردووە.