سەردێر

كار بۆ پێدانی بەرمیلێك نەوتی سپی بە هاووڵاتیان دەكرێت

خەڵك-
ماوەی نزیكەی دوو ساڵە حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بەرمیلێك نەوت بدات بە هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا دابەش نەكراوە و پەڕلەمانتارێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە هەوڵداین تاوەكو ئەمساڵ بەرمیلێك نەوت دابەش بكرێت.

لە كۆبوونەوەی 4-9-2019دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بەرمیلێك نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، بەڵام وا نزیكەی دوو ساڵە ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ نەكراوە و ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق بڕێك نەوتی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم نارد و بەشی نیوەی هاووڵاتیانی نەكرد.

گولیزار ڕەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر خەتین تاوەكو بتوانرێت لەمساڵدا بەرمیلێك نەوت بە هاووڵاتیان بدرێت و بۆ ئەوەش لە هەوڵەكان بەردەوامین.

ڕاشیگەیاند، لە كۆبوونەوەی پەڕلەمان لەگەڵ تیمی حكومەت بە وەزیری سامانە سروشتییەكانم وت، كە لەڕێگەی تیمی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا هەوڵی دابین كردنی نەوت بدەن بۆ هاووڵاتیان بەو پێیەی هەرێمیش بەشێكە لە عێراق و ساڵانە وەزارەتی نەوتی عێراق نەوت بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بڕیارە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بكات لەسەر ئەو پرسە، چونكە ئەو بڕە نەوتەی ساڵی ڕابردوو كەم بووە و بەشی نیوەی هاووڵاتیانی نەكردووە.

جەختیشی كردەوە، لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین تاوەكو پێش وەرزی زستان نەوت بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت.