سەردێر

هەرێم 100 مێگاوات كارەبا لە توركیاوە ھاوردە دەكات

خەڵك

بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەبای نیشتمانیی ھەرێمی كوردستان لەم هەفتەیەدا 100 مێگاوات كارەبا لە توركیاوە ھاوردەی پارێزگای دھۆك دەكرێت و بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆكیش دەڵێت، ئەو 100 مێگاواتە بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستانە و تێكەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەكرێت.

شاكر مەحمود بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: “خەریكی كاركردنین لە كاراكردنی ھێڵی 132 كەیڤی لە وێستگەی كواشێ بۆ زاخۆ، بەوەش كارەبا لە توركیاوە ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و 100 مێگاوات كارەبا لە توركیاوە دەگەیەنرێتە وێستگەی دوبانێی شارۆچكەی سێمێل و بەوەش ڕێژەی ئەو كارەبایەی لە توركیاوە ھاوردە دەكرێت دەگاتە سەرووی 200 مێگاوات.”

بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دھۆك وتیشی: “ئەو 100 مێگاوات كارەبایە دوای گەیشتنی بە ھەرێمی كوردستان تێكەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەكرێت و بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستان دەبێت.”

شاكر مەحمود ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “زیادكردنی ئەو 100 مێگاوات كارەبایە كاریگەریی لەسەر باشتربوونی دۆخی كارەبای نیشتمانیی ھەرێمی كوردستان دەبێت و پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە كارەبایە بگاتە ھەرێمی كوردستان و تێكەڵی تۆڕی نیشتمانی بكرێت.”