سەردێر

برنجی هیندی و دۆشاوی ئاڵتونسا و فاسۆلیا و ڕۆنی تایبەتی دابەش دەكرێت

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستپێكردن بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی پێكهاتوو لە 7 ماددەی خۆراكی ڕاگەیاند و بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت: “برنجی دەنك درێژی هیندی و دۆشاوی ئاڵتونسای تێدایە”.

بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەمەودوا مانگانە سەبەتەیەكی خۆراكی تەواو كە پێكهاتووە لە (برنج، شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا، نیسك) لەگەڵ بەشە (ئارد)ی مانگانە دابەش دەكرێت.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستتادا بەشی زۆری ئەو بەشە خۆراكە گەیشتۆتە گەنجینەكانمان و چاوەڕێی ئەو بەشەی تر دەكەین تا بەم زووانە بگاتە دەستمان و لەگەڵ گەیشتنی دەست بە دابەشكردنی دەكەن.

ڕاشیگەیاند، ئەو ماددانەی دابەش دەكرێن بریتین لە (برنج، شەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، فاسۆلیا، نیسك)، كە بە كوالێتی باش ئامادە كراون.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی ماددە خۆراكییەكانی ناو بەشەخۆراك ڕوونی كردۆتەوە، لەم مانگەدا بەشەخۆراكی هاووڵاتیان (٧) جۆر ماددە دەگرێتەوە، كە لەمێژووی پسووڵەی خۆراكدا لە ساڵی ٢٠٠٣وە بێ پێشینەیە.

ڕاشیگەیاندووە، بەشەخۆراكی هەر كەسێك پێكدێت لە (برنجی هیندی دەنك درێژی هیندی، قوتویەك دۆشاوی تەماتەی ئاڵتونسای نیو كیلۆیی، نیو كیلۆ فاسۆلیای ئەرجەنتینی، نیو كیلۆ نۆك یان نیسك، كە هێشتا پرۆسەی هاردەكردنی بەردەوامە).

ڕوونیشی كردۆتەوە، لیترێك ڕۆنی زەیتی “الدار” و كیلۆیەك شەكر و ئاردی باش لە جۆری “الخباز” دەدرێت بە هاووڵاتیان.