سەردێر

پەرلەمان بە فەرمی داوا لە حكومەت دەكات لێبڕینی 21%ی مووچە نەمێنێت

خەڵك-
لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لە ڕێگەی ڕاسپاردەیەكەوە بە فەرمی داواكاریی پەرلەمانتاران بۆ كۆتایی هێنان بە لێبڕینی لە21%ی مووچە، ڕەوانەی حكومەتی هەرێم دەكەن.

لیژنەكانی دارایی و سامانەسروشتییەكان و یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاسپاردەیەكیان كە لەڕێی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بۆ حكومەت بەرزكرایەوە، داوایان كردووە” چی دیكە پێدانی مووچە لە هەرێمی كوردستان دوانەكەوێت و بەبێ لێبڕینی 21٪ دابەشبكرێت و رێكخستنەوەی داهات بە ئامانجی ئەوەی هەر 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت و بەكەمترین ماوە مووچە بگاتە دەست مووچەخۆران”.

پەرلەمانی كوردستان داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە”كاریی جددی بكات بۆ ئامادەكردن و ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان، تا لانیكەم شەفافییەت لە داهات و خەرجیی حكومەت بەدیبكرێت و، دادپەروەری هەبێت لە دابەشكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان و حكومەت پەلەش بكات لە ئەنجامدانی چاكسازی لە مەلەفی نەوت بە گوێرەی رێكارە یاساییەكان، بە شێوەیەك لە كرێ و خەرجی كۆمپانییاكانی نەوت، بە ئاراستەی ئەوەی خەرجی نەوتی كە (58٪) كەمبكرێت و زۆرترین داهاتی نەوت بۆ حكومەت بگەڕێتەوە”.

هەروەها پەرلەمان بەپێویستی دەزانێت”ڕێكخستنەوە لە گرێبەستەكانی نەوتدا بكرێت و حكومەت ئەم هەنگاوانە بە خێرا بگرێتەبەر بۆ زیاتكردنی داهاتی نەوت، وەك ئەوەی لە دوایین راپۆرتی دیلۆیتدا هاتووە”.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زۆربوونی داهاتەكان، بەڵام تائێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لێبڕینی 21% مووچە دابەش دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕەكاندا، نرخی كاڵا و پێداویستییەكان گرانبوون و هێندەی تر باری سەرشانی هاووڵاتیانی قورس كردووە.