سەردێر

ئومێد خۆشناو: ئاسانكاری بۆ كاسبكاران دەكرێت

خەڵك- ئارام سەردار

دوای بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری كوردستان كە بڕیاریدا دەسەڵات شۆڕبكرێتەوە بۆ پارێزگارەكان بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ی تەمووزی ٢٠٢١ پارێزگاری هەولێر لە گەڵ بازرگانان كۆبووە و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر گەشەی ئابووری.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاری پێدانی دەسەڵات بەپارێزگارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئابووری كوردستان، هەنگاوەكانی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان خێراتر دەكات، چونكە لەمەودوا ڕۆتینی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە نامێنن و چاودێری ووردتریش دەخرێتە سەر هەنگاوەكانی بەبازاڕكردن.

لەبارەی كێشەی بازرگانان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران تاووتوێی ئەم بابەتەمان كردووە، هەروەها لەگەڵ بازرگانانیش قسەكراوە و چارەسەری كێشەكان دەكرێت هەوڵدەدرێت ئاسانكاری بۆ كاسبكاران بكرێت.

لای خۆشیەوە دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوەی حكومەت و ئەنجوومەنی باڵای ئابووری كوردستان كەرتی بازرگانی لە هەولێر دەبووژێنێتەوە.