سەردێر

فراكسیۆنی یەكێتی: ئەگەر بەغدا بودجەش بنێرێت كێشەی مووچە چارەسەر نابێت

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، هیچ ئومێدێك نابینم هەتا بڵێم كەی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت تەنانەت ئەگەر پارە لە بەغدادیشەوە بێت ئێمە كێشەی دارایمان هەر دەبێت، ڕەنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەك بتوانێت مووچە بدات بەڵام ئەم كێشەیە هەر دووبارە دەبێتەوە.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لێبڕینی مووچە و دواكەوتنی مووچە نایاسایین، واتە حكومەت پشتی بە هیچ یاسایەك نەبەستووە كە لێبڕینی مووچە بووە.

وتیشی”پێشتر ڕامانگەیاندووە، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكات، بەڵام ئەوەی كەی كۆتایی پێدێت؟ ئەوە حكومەتی هەرێم دەتوانێت وەڵامی بداتەوە، تائێستا بۆخۆم هیچ ئومێدێك نابینم هەتا بڵێم كەی لێبڕینی مووچە كۆتایی پێدێت! كاتێك ئێمە هەموو ئەمە دەزانین كە داهات زیادیكردووە و ڕۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت، حكومەت لاری لەمە نەبووە، بەڵام گەندەڵی و بەهەدەردان تا بینەقاقای سەرچاوەی داهاتی هەرێمی كوردستانی گرتووە، هەرچۆنێك بێت ئەو حكومەتە لەژێری دەرناچێت لەبەرئەوە پێویستی بەوە بووە ئەم حكومەتە ئیرادەیەكی هەبێت بۆ چاكسازی لە سەرچاوەكانی داهاتدا”.

ئاشكراشیكرد، 822 كۆمپانیای نەوتی لە هەرێمی كوردستاندا كار لە بواری نەوتدا دەكەن، بەهەدەردانێكی زۆر هەیە، دەبێت چاكسازی لەمانەدا بكرێت لە خاڵە سنورییەكاندا، حكومەت خۆی بڕیار دەدات، پێویستە بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ بكات، لەبەرئەوە تا ئەوە نەكات دڵنیام حكومەتی هەرێم هەر بەو عەقارەدا دەڕوات و هەر كێشەی دارایی لەم وڵاتەدا دەبێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت بە دووری دەزانم كێشەی مووچەچارەسەر ببێت، ئەگەریش چارەسەر ببێت كاتیە و دووبارە دەبێتەوە.