سەردێر

بەشە خۆراكە نوێیەكە دابەش دەكرێت

كەرتی تایبەتیش هاتەناوەوە

 

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی، دەست كردن بە دابەشكردنی بەرچنەی خۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا لە هەموو پارێزگاكانی عیراق ڕادەگەیەنێت.

محەمەد حەنون، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بازرگانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لە چارەكی یەكەمی ئەم مانگەدا، دەست دەكرێت بە دابەشكردنی بەرچنەی خۆراك لە هەموو پارێزگاكان، ئەمەش دوای كاروبارەكانی ناوەندەكانی بەشەخۆراك و بریكارەكان، وەزارەتی بازرگانیش هەوڵ دەدات لەساڵی داهاتوودا مەوادی نوێ‌ بۆ بەرچنەی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زیادبكات”.

بە وتەی حەنون”وەزارەتی بازرگانی ڕێكاری پێویستی گرتۆتەبەر بۆ بەردەوامبوون لەسەر دابینكردنی بەشەخۆراك لە هەموو كانگێك و تێپەڕاندنی ئەو كێشانەی بەهۆی كەمی پارەداركردنەوە هاتبوونەڕێگە”، ئاماژەی بە دەستكردن بە زیادكردنی جۆرەكانی بەشەخۆراكیش كرد لەمساڵدا.

 

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق دەڵێت”وەزارەتەكەیان دەستیكردووە بە كاركردن لە پرۆژەیەكی وەبەرهێنان لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە ڕۆڵی هاوردەكردن و ئامادەكردن و گرێبەستكردن دەبێت، وەزارەتیش رۆڵەكەی خۆی لە فەارهەمكردنی مەواددە خۆراكییەكان بۆ بریكارەكان دەبینێتەوە، وێڕای بەدواداچوون و وردبینی و میكانیزمەكانی پشكنینی تاقیگەكان و چاودێریكردنی پرۆسەكانی دابینكردن”.

حەنون ڕایگەیاندووە”ئەمە یەكەمجارە كە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەگەڵ وەزارەتدا بەشداریی دەكەن بۆ دابینكردنی جۆرەكانی بەشەخۆراكی هاووڵاتیان”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاماژە بە بوونی حەوت ماوادی خۆراكی كردبوو لە بەرچنەی خۆراكی بەشەخۆراكی داهاتووی هاووڵاتیان كە پێكدێن لە: شەكر و زەیت و ئارد و برنج و نیسك و فاسۆڵیا و دۆشاوی تەماتە.