سەردێر

” دەسەڵات هەوڵی دابەزاندنی نرخی بەنزینی نییە”

سلێمانی ـ نزار جەزا

نرخی بەنزین هەر ڕوو لەبەرزبوونە و هەوڵی جدی بۆ دابەزاندنەوەی نرخی بەنزین نابینرێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش جەختلەئەوەدەكاتەوە، هەوڵی لایەنی ئیداری بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین نابینن.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە چارەسەر بۆ هۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین بكرێت، هەتا ئەو هۆكارانە چارەسەرنەكرێن نرخی بەنزینیش دانابەزێت، بۆنموونە كۆمەڵێك هۆكار هەن وەك، بەنزینی هەرێمی كوردستان لەسەدا 90ی بازرگانییە و لەدەرەوە دێت، و قۆرخكاریی كۆمپانیاكانی سەر سنوور هەیە، و زیادكردنی باج و گومرگ هەیە، نەبوونی ڕێنمایی بۆ دیاریكردنی نرخ هەیە، و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی هەیە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاكو ئێستا ڕۆحیەتی چارەسەركردنی كێشەی نرخی بەنزین لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی دارایی و یەكە ئیدارییەكان و پارێزگاكان و دەروازەكان نابینن.

ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی بەرپرس لەم بابەتە خۆی بێدەنگ كردووە، بەڵام وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو نوسراویان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، كە باج و ڕسومات كەمبكاتەوە و كۆمپانیاكانی بازگەكان ڕسومات لەتەنكەرەكان وەرنەگرن و دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاكان، بەڵام هەوڵی چارەسەری ئەم بابەتە لەلایەنی ئیداری نابینن.

وتیشی: تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم بیری لەئەوە نەكردووەتەوە نەوتی خۆمان بداتە پاڵاوتگە ناوخۆییەكان بۆئەوەی خزمەتێكبێت بۆ هاوڵاتییان و نرخەكان دابەزێن.

ئەمە لەكاتێكدایە نرخی بەنزین ساڵ لەدوای ساڵ ڕوو لەبەرزبوونەوەیە، بەجۆرێك لەئێستادا نرخی لیترێك بەنزینی سوپەر گەیشتووەتە 900 دینار.