سەردێر

بانكی ناوەندی دۆلاری زیاتر دەخاتە بازاڕە و نرخەكەی دادەبەزێنێت

خەڵك-
بانكی ناوەندی عیراق، بڕێكی زیاتر دراوی دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 237 ملیۆن و 968 هەزار و 82 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژی پێشوو بە ڕێژەی 9.22% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.

بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 66 ملیۆن و 730 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 171 ملیۆن و 238 هەزار و 82 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

ئاشكراشی كردووە، لە پرۆسەكەشدا 19 بانك و 26 كۆمپانیای حەواڵە بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، ئەمڕۆ لە نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی، لەكاتی كردنەوەی بازاڕدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 147 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەكراوە.