سەردێر

ووردەكاری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشكرا كرا

خەڵك-

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە عێراق نرخی بەنزین زیاتر دەكەوێت، بەڵام هۆكاری هەرزانی ئەوەیە كە حكومەت خۆی پاڵپشتیەكی هەیە بۆ ئەم بابەتە بڕێك پارە دادەنێن.
هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، شتێك هەیە دەبێت هاووڵاتیان بیزانن، حكومەتی فیدڕاڵ خۆی پاڵپشتی نرخی بەنزین دەكات، بەشێوەیەك بڕێك پارەی داناوە و پاڵپشتی هاووڵاتیان دەكات لە نرخی بەنزین، ئەگەرنا بەنزین بەو نرخە دەرناچێت كە لەوێ دابەشی دەكەن بۆ نموونە بەنرخی 450 دینار خۆی نرخەكە زۆر زیاتر دەبێت لە پاڵاوگەكان، بەڵام حكومەت خۆی پاڵپشتیەكی هەیە بۆ ئەم بابەتە بڕێك پارە دادەنێن.

وتیشی”دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2014 وە لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە نەمانی بودجە و مووچە بوو، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لەوانەیە بیر لەوە بكەینەوە چۆن بتوانین مووچەی مانگێك بۆ مووچەخۆرانمان دابین بكەین، لەوانەیە بۆ ئێمە ئەستەم بێت بتوانین بێن پاڵپشتی فرۆشتنی بەنزین و گەیشتن بەدەستی هاووڵاتیان یان پێدانی كارەباش بكەین، دۆخی كارەباشمان تاڕادەیەك خراپە لەبەرئەوەی ناتوانیین سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی كارەبا دابین بكەین لە گاز یان لە غازی شلەوە بۆیە ئەو توانایەی لە حكومەتی فیدڕاڵەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان نییە لەڕووی ماددییەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەندێك هۆكاری تریش هەن، بەنزین لە جیهاندا نرخەكەی بەرزبووەتەوە، ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكان، هۆكاری دووەم سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و عێراق ئەوەیە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە كە نرخی دۆلاریش تاڕادەیەك بەرزبووەتەوە جیاواز لەگەڵ وڵاتەكانی تر، ئەو بەنزینەش كە هاوردە دەكرێت لە دەرەوەی وڵات بە دۆلار دەبێت بۆیە نرخەكەی جارێكی تر بەرزبووەتەوە، هۆكاری سێیەم ئەو ڕێنمایانەی دەرچوون لە هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ باشتركردنی كوالێتی بەنزین كە هاووڵاتیان ڕۆژانە گلەیی ئەوەیان هەبوو بەنزین وەكو پێویست نییە و ئۆتۆمبیلەكانیان تووشی شكست و لەكاركەوتن دێت و خەرجیان زیاد دەبێت بۆیە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەڕووی باشتركردنی كوالێتی بەنزینەوە بۆئەوەی هاووڵاتیان زیاتر تووشی زیان نەبن لەڕووی شكستخواردنی ئۆتۆمبێلەكانیان لەهەمانكاتیشدا لەڕووی ژینگەییەوە، لەڕووی تەندروستیەوە بڕیاری ئەوە درا كە كوالێتی بەنزینەكان بەرز بكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی بەنزینە 500 دینارییەكەی سەرۆكی جوڵانەوەی نوێ ناوبراو ڕایگەیاند، لەوانەیە پاڵپشتیەكی هەبێت، بڕێك پارەی لە هەر شوێنێك هێنابێت بەكاری بهێنێت بۆ ڕیكلامێك، ئێمە دەزانیین خۆمان بەرەو هەڵبژاردنەكان دەڕۆین لەوانەیە ئەوە ڕیكلامێكی هەڵبژاردن بێت بۆ حیزبەكەی خۆی بیكات، بەڵام ئەوەی زانراوە وەكو باسمكرد لە بازیان و لە كۆمپانیای كار و ئەوەی كە هەیە نرخی بەنزین لەسەر كۆمپانیاكان و لەسەر پاڵاوگەكان زۆر لەو نرخە زیاتر ڕادەوستێت ئەوەی كە حكومەتی فیدڕاڵی دەیفرۆشێت.