سەردێر

جوتیارانی سەیدسادق نیگەرانن لە ستافی پشكنینی گەنمەكانیان

خەڵك – یەحیا حبیب

بەهۆی وشكەساڵی و خراپ دەركەوتنی كوالێتی گەنمی جوتیاران لە پشكنینی ستافی سایلۆی سەیدسادق، جوتیاران نیگەرانن و داوا دەكەن بڕیارێك لە بەرژەوەندی ماندووبوونی ئەمساڵیان بدەن.

والی محەمەد، ماوەی 40 ساڵە كاری جوتیاری دەكات ئەنجومەنی گوندی شتوانە لە سنوری سەیدسادق بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، ”ڕۆژی ڕابردوو لە سایلۆی سەیدسادق بووم 22 تەن گەنمم پێ بوو كاتێك پشكنینیان كرد بۆ گەنمەكەم بەڵام وەریان نەگرت و %85ی ئەو كەسانەی لەوێ بوون گەنمەكەیان لێ وەرنەگرتن ”.

وتیشی، “لەدوای دەرنەچوونی لە پشكنینی ستافی سایلۆ سەردانی بەڕێوەبەری سایلۆم كرد و لێم پرسی بۆچی ئەو گەنمەی من وەرنەگیراوە، ئەویش وتی گەنمەكەتان مێرووی سنی هەیە ”.

والی محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “لە ئێستادا جوتیاران ماندوون و ئەمانە بیانوون و پێمانوایە كە ستافی تاقیگە كەسانی بە ئەزموونی لە بوارەكەدا تێدا نییە ”.

ئەو جوتیارە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عیراق دەكات بڕیارێكی پێویست لەم بارەیەوە بدەن لە پێناو بەرژەوەندی جوتیاراندا.

(تۆڕی میدیایی خەڵك) پەیوەندی بە بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادقەوە كرد بۆ گفتۆكردن لەبارەی كێشە و نیگەرانی جوتیاران، بەڵام پەیووەندییەكەی بەردەست نەبوو.

لای خۆشیەوە، ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ چەند جوتیارێك لە سایلۆی سەیدسادق نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەوەی گەنمەكانیان لێ وەر ناگیرێت و لە پشكنینی كوالێتی دەرناچێت دیارە سایلۆكانی سلێمانی و بە تایبەت سایلۆی سەیدسادق ڕێنماییەكیان بۆ هاتووە لە وەزارەتی بازرگانی عیراق و داوایان لێكراوە نزیكی 19 هەزار تەن گەنم وەربگرن لە گەنمی دەرەجەكانی (یەك و دوو و سێ ) بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە كاریگەری زۆری كردووەتە سەر بەرهەمی جوتیاران ”.

ڕەمەزان نامیق وتیشی، “نەك بە تەنها ئەم چەند جوتیارە بەڵكو ئەوانەی دواتریش دێن هەر لە پشكنین دەرناچن چونكە دەرەجە (یەك و دوو و سێ)شدا نین، بە پێی بەدواداچوونەكانمان ئەمساڵ دەتوانن 19 هەزار تەن گەنم وەرگیرێت، بەڵام پێناچێت 10 هەزار تەن وەربگریێت بەهۆی كوالێتییەكەیەوە چونكە %80 ی گەنمی ئەمساڵ، گەنمێكی پوكاوەتەوە و لە ڕێنماییەكاندا دەرناچێت و دەبێت وەزارەتی بازرگانی عیراق بڕیارێكی پەیوەست بەم دۆخە دەربكات ”.

ئاشكراشیكرد، “لەم دۆخەدا سێ لایەن زەرەر مەند دەبن ئەوانیش حوكمەت و هاووڵاتیان و جوتیارانە بە جۆرێك ئەو گەنمە وەرنەگرێت كاریگەری دەبێت لە سەر بەشە خۆراكی ئاردی مانگانەی هاووڵاتیان و ئەوكاتە ناتوانرێت بە پێی پێویست گەنم دابین بكرێت و هەم حوكمەتیش زەرەرمەند دەبێت و گەنمی هاوردە بكڕێت و ئەوەیش دووبارە كێشە و گیروگرفتی بۆ دروست دەبێت ”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیشیكردەوە، “هەر بۆیە پێمان وایە پێویست بڕیارێكی ئیستسنائی دەربكرێت لە پێناو بەرژەوەندی و ماندویەتی جوتیاران، ئێمە ئەم بابەتە بە نووسراو دەگەیەنینە وەزارەتی بازرگانی عیراق و چاوەڕێی وەڵامیان دەبین ”.