سەردێر

خەڵك؛ نهێنی بەردەوامی لێبڕینی مووچە ئاشكرادەكات

خەڵك –
هەرچەندە سبەی كۆبونەوەی پەڕلەمان و حكومەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت و زۆرینەی فراكسیۆنەكان خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردووە داوا لە حكومەت بكەن، كە كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنرێت، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا نهێنی بەردەوامی لێبڕینی مووچە فەرمانبەران ئاشكرادەكات.

سەرچاوەیەكی باڵا لە هەرێمی كوردستان بۆ (خەڵك) باسی لەو گرفتانە كرد، كە هۆكاری سەرەكی بەردەوامی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانە، كە ماوەی چەند ساڵێكە فەرمانبەران بەدەستیەوە دەناڵێنن و دەڵێت: “بەهۆی گڕێبەستە نەوتییەكانی هەرێمە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان”.

ئەو سەرچاوە باڵایە ئاشكراشیكرد، “وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم بەجۆرێكە، كاریگەری لەسەر لێبڕینی مووچە هەیە، چونكە هەتاوەكو بەهای نەوت بەرزبێتەوە ڕێژەی وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی كۆمپانیاكان بەرزتر دەبێتەوە، ئەگەر كۆمپانیایەكی نەوتی بۆ نمونە 2 ملیار دۆلاری خەرج كردبێت بۆ نەوت لە هەرێم ئەوا ئەگەر نەوت بە 50 دۆلار بفرۆشرێت 10 دۆلار لە هەر بەرمیلێك وەردەگرێتەوە لە جیاتی قەرزەكەی، بەڵام ئەگەر نەوت گەیشتە 70 دۆلار ئەوا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 27 دۆلار وەردەگرێتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، خراپی گرێبەستەكانی نەوت لەوەدایە، كە ڕێژەی وەرگرتنەوەی پارەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت بە پلەبەندی دانراوە، بۆیە هەرچەندە نرخی نەوت بەرزتر بێتەوە، بڕی پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان بەرزتر دەبێتەوە و پارەیەكی كەمتر بۆ مووچە دەمێنێتەوە”.

بە بڕوای ئەو بەرپرسە باڵایەی هەرێم، “ئەگەر دۆخی گرێبەستەكانی نەوت بەو جۆرە بمێنێتەوە، ئەوا ئەستەمە بەم زووانە بتوانرێت لێبڕینی مووچە هەڵبوەشێتەوە”.