سەردێر

لیژنەی دارایی بۆ (خەڵك) باس لە نرخی خەرجی دۆلار دەكات

پێیوانییە نرخەكەی داببەزێت

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، باسى نرخی خەرجی دۆلار دەكات لەبەرانبەر دیناری عیراقی، ڕەتیشیدەكاتەوە بەمنزیكانە نرخی دراوەكە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”نرخی دۆلار دانابەزێت، چونكە بڕیارەكە تەنیا عیراقی نییە، بەڵكو بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نێودەوڵەتی دراویش بەشدارن، لەبەرانبەردا حكومەت و وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی، لەگەڵ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، بەڵێنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی چاكسازییاندا، بەڵام جگە لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار هیچ چاكسازییەكیان نەكرد”.

بە وتەی شیروان میرزا:”بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی و وەزیری دارایی بۆ مەبەستی قسەكردن لەسەر ئەو چاكسازیانەی كە بڕیار بوو لەگەڵ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلاردا بكرێن، بانگهێشتی پەرلەمان كران، هەوڵەكانیش بەردەوامن لەپێناو ئەوەی لەگەڵ بەرزكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلاردا هاووڵاتیان كەمترین زیانیان پێبگات”.

لەبارەی گەڕانەوەی نرخی خەرجی دۆلار بۆ دۆخی پێشووی، ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، پێشبینی كرد نرخەكە دانەبەزێت و بۆ ماوەی سێ‌ ساڵی داهاتوو لەم دۆخەی ئێستایدا بمێنێتەوە.