سەردێر

عیراق هەزاران كرێكاری بیانی دەنێرێتەوە و 400 كۆمپانیاش دەداتە دادگا

خەڵك-
حكومەتی عیراق، ناردنەوەی هەزاران كرێكاری بیانی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، 400 كۆمپانیای كەرتی تایبەتیش دەدرێنە داگا بەوهۆیەی پابەندی بڕیاری كارپێكردنی ڕێژەیەك لە كرێكارانی وڵات نەبوون.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی فەرمی لە زاری عادل ڕەكابی وەزیری كاری عیراقەوە بڵاویكردەوە”هەزاران كرێكاری بیانی كە بەشێوەیەكی نایاسایی لە وڵاتدا بوون و كاریگەرییان لەسەر هەلی كار هەبوو بۆ لاوانی عیراقی و دامەزراندیان، ڕەوانەی وڵاتەكانیان كرانەوە”.

بە وتەی ڕەكابی”هەر لەمساڵدا 400 كۆمپانیای كەرتی تایبەت دراون بە دادگای كرێكاران، بەوهۆیەی پابەندی  ڕێژەی كارپێكردنی كرێكاری عیراقی نەبوون، و بەشێوەیەكی ورد یاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتییان جێبەجێ‌ نەكردووە”.

چەند ساڵێك لەمەوبەر، حكومەتی عیراق، یاسایەكی پەسەند كرد كە تەواوی كۆمپانیاكان پابەند دەكات بە كارپێكردنی لەسەدا 50ی كرێكارانی عیراقی، بەڵام كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەبری كارپێكردنی عیراقی، پەنادەبەنە بەر كارپێكردنی كرێكاری بیانی، ئەمەش بۆتە مایەی كەمبوونەوەی كرێ و زیادبوونی كاتژمێرەكانی كاركردن.