سەردێر

سەرمایەداران و بازرگانانی سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە

خەڵک

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بە ئامادەبوونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێكخراوەكانی كەرتی تایبەت و سەرمایەداران و بازرگانان لەگەڵ خاوەن كارخانە و براندەكانی پێشانگای دووەمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجامدرا.

یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی و سەركونسوڵی ئێران لە سلێمانی پێکەوە، هانی كۆمپانیا ئێرانییەكانیان دا كە ئاسانكاری بۆ کاری هاوبەش بکەن.
یاسین مەحمود، وتیشی؛ لەکۆبوونەوەکەدا داوامکرد، لایەنی ئێرانی مەرجەکانیان سادەو ئاسان بکەن بۆ پێدانی بریكارنامەی كارخانەكانیان بۆ بازرگانانی سلێمانی بە تایبەت و هەرێم بە گشتی، هاوکات کارئاسانی بۆ هاتووچۆ و ڕایکردنی کارە بازرگانییەکان بکرێت.

مەلا یاسین ئاماژەی بەوەشدا: لە كۆبوونەوەكەدا داوایكردووە، كە لقی كارخانەكانی ئێران لە ناو شاری پیشەسازی عەربەت دامەزرێنن.

جێی ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ئامادەبوونی 400 بازرگان و نزیكەی 150 كۆمپانیا پێشانگای دووەمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی بەرهەمەكانیان خستەڕوو، هاوكات، بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكانی ئێران خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەو پێشكەوتنانەی كە سلێمانی بەخۆیەوە بینیوە و بەڵێنیاندا، لقی كۆمپانیاكانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بكەنەوە.