سەردێر

ئێران ڕۆژانە 30 ملیۆن مەتر سێجا غاز بۆ عیراق هەناردە دەكات

خەڵك

وەزارەتی كارەبای عیراق ئاشكرای كردووە، بە مەبەستی وەگەڕخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئێران هەناردەكردنی غازی بۆ عیراق زیادكردووە و گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا.

ئەحمەد عەبادی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هەناردەكردنی غازی ئێران بۆ ١٧ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێكدا كەمیكردبوو، ماوەی چەند ڕۆژێكە بۆ ٣٠ ملیۆن مەتر پێی سێجا لە ڕۆژێكدا زیادیكردووە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، زیادكردنی هەناردەكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عیراق، بووەتە مایەی وەگەڕخستنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای مەنسوریە و سەدر و بەسمایە.

ئەحمەد عەبادی ڕوونیشی كردووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی هەناردەی غازەوە ئێستا وەزارەتەكەیان بەرهەمهێنانی كارەبای بۆ ٢٢ هەزار و ١٠٠ میگاوات زیادی كردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە بۆ پڕكردنەوەی تەواوی پێدوایستیی هاووڵاتییان، عیراق 30 هەزار میگاوات كارەبای پێویستە.