سەردێر

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كارگەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

خەڵك

بریكاری وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی هەرێم بۆ كاروباری پیشەسازی ڕایگەیاند، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كارگەكانی پیشەسازی بە میكانیزمێكی نوێ دەستپێدەكاتەوە.

وەزارەتی بازرگانی‌ و پیشەسازی هەرێم، عەلی عوسمان بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری پیشەسازی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كردووە، سەبارەت بەدیاریكردنی میكانیزمێكی نوێ بۆ لێخۆشبوونی گومرگی لە كارگەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا پێكهێنراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا میكانیزمی نوێ دیاریكرا سەبارەت بە چۆنیەتی لێخوشبوونی گومرگی لە كارگەكانی پیشەسازی هەرێمی كوردستان، تا لێخۆشبوونی گومرگی بیانگرێتەوە.

بریكاری وەزارەت بۆ كاروباری پیشەسازی ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای شەش مانگ، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كارگەكانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، كە تایبەت دەبێت بە هێنانی ئامێر و كەرەستەی خاو و كەل‌وپەلی پیشەسازی بۆ كارگەكانی هەرێمی كوردستان.