سەردێر

حكومەتی عیراق بۆ كڕینی خانوو قەرز دەداتە هاووڵاتیان

خەڵك-
حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، دەستپێشخەرییەكی بانكی ناوەندی عیراق بۆ پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان بەبێ‌ سودوەرگرتن ڕادەگەیەنێت لەپێناو كڕینی یەكەی نیشتەجێبوون، ماوەی دانەوەی قەرزەكەش دیاریی دەكات كە دەگاتە 20 ساڵ.

نازم لەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حكومەت ڕێكاریی هەیە بۆ بایەخدان بە دۆسێی نیشتەجێبوون، بۆ ئەو مەبەستەش بانكی ناوەندی دەستپێشخەریی دەكات بە پارەداركردنی بانكی خانووبەرە و سندوقی نیشتەجێبوون، بە زیاتر لە ترلیۆنێك و 800 ملیار دینار”.

بە وتەی حەسەن نازم”دەستپیشخەرییەكە قەرز دەداتە هاووڵاتیان بەبێ‌ سود، بۆ كڕینی یەكەكانی نیشتەجێبوون، ماوەی دانەوەی قەرزەكەش دەگاتە 20 ساڵ و هاندەرێكی باش دەبێت بۆ هاووڵاتیان لەپێناو كڕینی یەكەكانی نیشتەجێبوون”.

كێشەی نیشتەجێبوون، لەو كێشە ئاڵۆزانەیە كە ماوەی چەندان ساڵە بەرۆكی هاووڵاتی عیراقی بەرنادات، لە دوای ساڵی 2003وە، كێشەكە هێندەی تر ئاڵۆزتر بووە، بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیانەی هاتوونەتەئارا.