سەردێر

هەرێم.. وەزارەتی بازرگانی دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكات

خەڵك

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، لە 13ی حوزەیرانی 2021، پشكی هەرێمی كوردستانی لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاریكرد، كە بڕەكەی بۆ ئەمساڵ بە 375 هەزار تۆن دیاریكراوە‌ و بڕیاریشە لە 22ی حوزەیرانەوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكان دەستپێبكات.


نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ‌و پیشەسازی هەرێم ڕایگەیاند، لە 22ی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەپێی ئەو بڕەی حكومەتی عیراق دیاریكردووە، ئەمساڵ دەتوانین 375 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگرین.

وەزارەتی بازرگانی عیراق بەنرخی پاڵپشتیكراو گەنم لە جوتیاران وەردەگرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش نرخی یەك تۆن گەنمی پلە یەك بە 610 هەزار دینار، گەنمی پلە دوو بە 530 هەزار دینار‌ و گەنمی پلە سێ‌ بە 470 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت.

هاوكات، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان، بۆ ساغكردنەوەی ئەو گەنمەی حكومەتی عیراق وەرناگرێت، پڕۆژەی نیشتیمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەگوێرەی فەرمانێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش، كۆمپانیاكانی قەیوان‌ و خۆشناو لە ڕۆژی 8ی حوزەیرانەوە دەستیان بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كردووە ‌و تا 22ی تەمووزیش پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی كشتوكاڵ نرخی كڕینەوەی گەنمی جوتیارانی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە دیاریكردووە، بەجۆرێك یەك تۆن گەنمی پلە یەك بە 475 هەزار دینار، گەنمی پلە دوو بە 400 هەزار دینار‌و گەنمی پلە سێ بە 325 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرن.