سەردێر

لەبارەی لابردنی سێ سفری سەر دیناری عیراقی ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك

ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی و ئابووری ئاشكرای دەكات، لە پلانیاندایە سێ سفری سەر دینار لاببەن، دوو مەرجیشی بۆ ئەو هەنگاوە داناوە.


مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، بانكی ناوەندی عیراق، پلانی لابردنی سێ سفری دراوی عیراقی بۆ چاكسازی لە سیستمی پێدانی پارەی نەقدی داناوە، چونكە بووەتە بارگرانی ئابووری و لە ساڵانی نەوەدەكانەوە دا سەپێنراوە.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پلانەش بەشێكە ستراتیژیەتی چاكسازی لە سیستمی دراو و پارەدانی نەقدی لە وڵاتدا.
لەبارەی مەرجەكانیشەوە ڕاوێژكارەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی و ئابووری ئەوەی خستەڕوو، یەكەم ئەوەیە پێویستە سەقامگیری نرخ و گەشەی ئابووری جیهان بێتەدی، جێگیری ژیانی سیاسی وڵاتیش مەرجی دووەمە.

ڕاشیگەیاندووە، دوای بەدیهێنانی مەرجەكان دەتوانرێت سفری دراوی عیراقی لابدرێت و بچوكبكرێتەوە، لەو كاتەشدا مامەڵەكردن بەدینارەوە ئاسانتردەبێت بەجۆرێك یەك دیناری نوێ یەكسان بێت بە هەزار دینار و 10 دیناریش یەكسان بێت بە 10 هەزار.

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەی لابردنی سفرەكان لەسەر دراوی عیراقی بڕیاربوو لەساڵی 2014 دا جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی شەڕی داعش و قەیرانی ئەمنییەوە پڕۆژەكە دواخرا.